کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنراڵ ڕاڵف پیترز: خامنەیی با لە ئێستاوە بترسێت

17:22 - 17 سەرماوەز 2716

كوردستان میدیا: ڕاڵف پیترز، ژنراڵی خانەنشینكراوی هێزی دەریایی ئەمریكا ڕایگەیاندووە: ئێستا كە دۆناڵد ترامپ، جەیمز مەتیسی وەكوو وەزیری بەرگریی خۆی دەستنیشان كردووە، سەردەمی سواربوونی بەخۆڕاییش بۆ ڕێژیمی ئێران كۆتایی هاتووە.

بە گویِرەی هەواڵی تەلەڤیزیۆنی فاكس بیزنێسی ئەمریكا، ناوبراو وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەكانی ئۆباما بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران ڕایەگەیاند: جەیمز مەتیس بە دڵنیاییەوە كەسێكی سەختگیر دەبێت ... ڕێبەری حكوومەتی ئێران دەبێ ترسێكی یەكجار زۆری بكەوێتە دڵ، چوونكە سەردەمی سواربوونی بەخۆڕایی بۆ ئەوان كۆتایی هاتووە.

ڕاڵف پێترز لە وەڵامی هەڕەشەی خامنەییدا لەمەڕ بەرپەرچدانەوەی یاسای درێژكردنەوەی گەمارۆكان، ڕوو لە ڕێژیمی تاران وتی: ئەدی چاوەڕێی چی دەكەن؟ لە حكوومەتی ترامپدا بەرەنگاری حكوومەتی ئێران لە عێراق، سووریە، یەمەن و كەنداوی فارس دەبینەوە، ئیدی كەس ناوێرێ بە بارمتەمان بگرێ و سووكایەتی بە سەربازەكانمان بكات و كۆی ئەو مەسەلانە بە جۆرێك بەیتی خامنەیی بێ تاقەت دەكات كە بە دەستی خۆیان ڕێككەوتننامەی ناوكی هەڵوەشێننەوە.

پێشتر جەیمز مەتیس، وەزیری پێشنیاركراوی ترامپ بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكاش ڕێژیمی ئێرانی وەكوو سەرەكیترین هۆكاری تێكدانی سەقامگیری لە ناوچەدا لە قەڵەم دابوو.

هاوكات، پێگەی هەواڵی واشینگتۆن فری بەیكن ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ، سەركۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریكا بۆ پێكهێنانی تیمی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی، سەرقاڵی كۆكردنەوەی نەیارانی ڕێژیمی ئێرانە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند بژاردەكانی ترامپ ئەوە درەدەخات كە ناوبراو دەیهەوێ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران و حكوومەتەكانی دیكە سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.