کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی ڕۆژی خوێندکاری کردە گەپجاڕ

17:32 - 17 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ واژۆی ڕاگەیەندراوی ئێعترازی ١١ هەزار خوێندکار، کۆماری ئیسلامی بە گاڵتەجاڕ ڕۆژی خوێندکاری بەڕێ کرد.

لەحاڵێکدا کە هەموو ساڵێک ڕێکخراو و دامەزراوە خوێندکارییەکانی ئێران لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا ڕێزیان لە خەباتی خوێندکاران دەگرت و ئەم بۆنەیان دەکردە بیانوویەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییە سینفی و سیاسییەکانیان، ئەمساڵ کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا ئەم ڕۆژە بە گاڵتە و گەپ تێپەڕێنێت.

ئەمساڵ بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە لە ڕۆژی خوێندکاردا فەزای نێو زانکۆکان کەشێکی ئەمنیەتی بەسەردا زاڵ دەبوو، بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو زانکۆکانی ئێران ڕایانگەیاند کە؛ کۆمەڵیک بەرنامەی شاد و دڵخۆشکەرانەیان ئامادە کردووە کە ناونیشانی بەشی زۆری ئەم بەرنامە دڵخۆشکەرانە بریتی بوون لە جنگ شادی، ستاند ئاپ کۆمێدی، شیرین کاری، تقلید صدا، و شعبدەبازی.

چالاکانی خوێندکاری وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەیکە ڕۆژی خوێندکار هیچ پێوەندییەکی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە نییە و لە ڕاستیدا خوێندکار یەکێک لەو خاڵانەیە کە هەمیشە کۆماری ئیسلامی و خەڵکی لەدژی یەکتر ڕاوەستاندووە دەڵێن: مەبەستی سەرەکی ڕێژیم لەم چەشنە کارانە لێ ئەستاندنەوەی ڕواڵەتی سیاسییانە و ئێعترازیی خوێندکارانە.

بەبڕوای هەندێک لە چالاکانی خوێندکاری سەربەخۆ، تەنیا ڕۆچنەیەک لە ئێراندا کە زانکۆ بەهۆیەوە زیندووبوونی خۆی پاراستبوو ڕۆژی خوێندکار و ئاوڕدانەوەکان لە گرینگیی بزوتنەوەی خوێندکاری و زانکۆ لەپێوەندی لەگەڵ ڕەخنە و درووست کردنی بوار بۆ فەزای دیالۆگ و وتووێژ و ڕاوەستان لەبەرانبەر سەرەڕۆیی دەزگای حاکم بوو، کە لە ڕابردوودا ڕێژیم بە تێکدانی کۆڕەکان و سازکردنی کەشی پۆلیسی ڕێگری لێدەکرد، بەڵام ئەمساڵ بە وەڕێخستنی کۆڕی گەپجاڕ هەوڵ دراوە زانکۆ و خوێندکار لە ئەرک و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی دوور بخرێتەوە.

ساڵانێکی دوور و درێژە کە بزوتنەوەی خوێندکاری لە ئێران و کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەرکوت دەکرێت کە تا ئێستا دەیان خوێندکاری بەوەج شەهیە کراون یان بێ سەروشوین کراون کە بەناوبانگ ترینیان لە کوردستان بریتین لە ئیبراهیم لوتفوڵاهی، کیانوش ئاسا و محەمەدجەواد پەرەنداخ.

ئەم هەوڵە چەپەڵەی ڕێژیمی تاران لە کاتێکدایە کە بەبۆنەوی ڕۆژی خوێندکارەوە زیاتر لە ١١ هەزار خوێندکار بە واژۆکردنی ڕاگەیەندراوێک لەبەرانبەر نەبوونی سەرەتایی ترین مافەکانی خوێندکاران، کرێکاران، مامۆستایان، ژنان و سەرجەم چینە ژێرچەپۆکەکان لە ئێراندا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.