کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنان لەگەڵ یەکیەتیی لیستەکانی دانمارک کۆ بوونەوە

17:36 - 17 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنان، لە دیدار لەگەڵ یەکیەتیی لیستەکانی دانمارک لە شاری ئاڵبۆڕگ کۆ بوونەوە و لە سەر سیاسەتە جینایەتکارەکانی ڕێژیم گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەناوچەی ئاڵبۆرگی باکووری دانمارک، بە سەرەپەرەستیی سەلام سدیقی و شەیدا ساڵحزادە سەردانی کۆتلەی یەکیەتیی لیستەکان (کۆمۆنیستەکان) لە کۆمۆنی شارەوانیی گەورەی ئالبۆگیان کرد و لە لایەن پیە کلاوس سەرۆکی کۆتلەی ئەو حیزبە لە ئەنجومەنی شارەوانی و سکرتێرەکەی، پێشوازییان لێ کرا.

لەو دیدارەدا شاندی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی ژنان باسێکی وردیان لەسەر مێژووی هەردوو ڕێکخراو و کار و تێکۆشانیان لە پێناو گەیشتنی نەتەوەی کورد بە ئامانجەکانی کرد و بەشی دووهەمی باسەکەیشیان باسێک بوو لە سەر ڕەفتار و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە نەتەوەی کورد و باقی گەلانی ئێران و جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە.

شاندی خانەخوێ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان لەو سەردانە، بە بایەخەوە گوێیان بۆ باسی هاوڕێیانی حیزبی ڕاگرت و ئەوانیش باس و بۆچوونی سیاسیی خۆیان لە سەر بارودۆخی ئێران و گەلی کورد هێنایە بەر باس و لە کۆتاییدا هەردوولا لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە لە داهاتوودا دیداری زیاتر ئەنجام بدەن.