کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسانی کرماشان و ئیلام بۆ شوناسی نەتەوەیی

21:46 - 17 سەرماوەز 2716

سۆهراب کەریمی

وەرگێڕان: سابر فەتاحی


ناوچەکانی باشووری کوردستان له زاگرۆس بەشێک لەو ناوچانەی کوردستانن که تایبەتمەندی تایبەت به خۆیان هەیه، ئەگەر چی ژێربناغهی کولتوری و زمانیی ئەم ناوچانه بەشێک له کوردستانه و له ڕوی کولتوریش وەک بەشێکی گرینگ له کوردستان به ئەژمار دێت، بەڵام له سەرەتای گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی و بۆ پتەو کردنی ئەم دیسکۆرسه ڕۆلێکی ئەوتوی نەگێراوه. ئەوەش بۆ دۆخی تایبەت له ڕوی ژئۆپۆلتیک و هەروەها ئەو کۆسپانه دەگەڕێتەوه که دەوڵەتەکانی ئێران ناویانەتەوه. بەڵام بن‌پێکهاتەی کولتوریی کوردەکانی ئەم ناوچەیه به بەردەوامی و له ئێستاشدا پەیوەندی پتەو و به‌هێزی لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستان هەیه و له ڕەوتی کێبڕکێکانی ناوچەیی ئێرانی شیعه مەزهەب و دەوڵەتەکانی سوننه مەزهەبی ناوچه ئەم پرسیاره له مێشکدا سەرهەڵدەدات که: کوردەکانی ئەم ناوچانه که بەشی هەره زۆریان جعفری و کوردەکانی بەشەکانی دیکه که زۆرینه‌یان مەزهەبی شافعین، چ ڕێگایەکیان له‌پێشه؟ ئایا کێبڕکێکانی ناوچەی ئێران و دەوڵەتانی عەرەبی ڕۆڵی له سەر پێوەست بوونیان به شۆڕشی میللی-دێموکراتیک دەبێت؟ ئایا مەترسی لەسەر بناغەی شۆڕشی میللی کورد دەبێت یان ئەوەی که ئەو هاوگەراییەی که بزووتنەوەی کورد له درێژەی مێژووی خویدا پێکیهێناوه دەیخاته مەترسیەوه، یان شوناسی نەتەوەیی کورد ئەوەنده به‌هێزه که ڕێگای خۆی له کێبڕکێکانی شیعه و سوننە جیا دەکاتەوه؟

ئەگەر چاوێک به سەر گۆڕانکارییە مێژووییەکاندا بخشێنین، دەردەکەوێت که پەیوەندیی جوغرافیایی - کولتوری و دراوسێیەتی شارستانیەت به‌جۆرێک گۆڕانی به سەر کولتور و ئائین و تەنانەت زمان و ڕەگەزیشدا هێناوه که ئەمڕۆکه دەرکەوتەکانی دیار و کاریگەره، که هەڵبەت ئەم وەرچەرخانه سەرەڕای چوارچێوەی خوێندنەوەی زانستی بۆ ناسینی هەنووکه، شتێکی سروشتی و بەشێک له پێشهاتەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیه و بەها دانان بەوانه یان بەرەنگار بوونەوەیان به شێوەیەکی توند و گرژ، تەنیا دەبێته هۆی نالەبار بوونی هەڵسوکەوتەکانی نێو کۆمەڵگا. چوونکه بکەرانی ئەم گۆڕانکارییانه ئەوڕۆکه له نێو ئێمه‌دا نەماون و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە بەرهەم هاتووەکان لەم وەرچەرخانه تووشی گوناه یان جێگای دەستخۆشی و خەڵات کردن نیه و له ئەنجامدا بتهەوێت یان نەتهەێت ئەمڕۆکه تەواوی ڕاستیەکانی ئێستای وەک کۆمەڵگای ئەمڕۆیی پەسەند کردووه. تەنانەت بەها جیهانیەکان، پرەنسیبه دێموکراتیەکان و مافی مرۆڤیش لەسەر جیاوازییه مرۆڤییەکان وەک یەکێک له تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی جەخت دەکەنەوه و شۆڕشی میللی-دێموکراتیکی کوردیش به هۆکاری پەیوەند بوون به نۆرمه دێموکراتیکەکان هیچکات ئەم جیاوازییانه وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی نەزانیوه و بگره ئەم جیاوازییه وەک دەوڵەمەندی له کولتوری خۆی دەزانێت و پێشوازی لێکردون. ئەگەرچی قۆناغی پێگەیشتنی گوتاری میللی-دێموکراتیکی کوردەکان له خۆرهەڵات له ناوچەی موکریان قوناغی خۆناسینی تێپەر کردووه، بەڵام هەر له سەرەتاوه له کاتی کۆماری کوردستان ڕێبەرانی کورد زۆر به وردی خوێندنەوەیان بۆ ناوچەکانی کوردستان کردووه و نەخشەی کوردستانیان بەرهەم هێناوه، که واته ئەوه نیشان ئەدات که ئەو ڕێبەرانه دەرگای گوتاری نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستانیان بۆ هەموو کوردەکان کراوه هێشتووه. له شۆڕشی ٥٧دا زۆر به خێرایی تەواوی ناوچه کوردستانیەکان بەشدارییان لەم شۆڕشەدا کرد، تەنانەت چەند ساڵێکیش هەلی چالاکیی ئاشتیخوازانه بۆ ئەم شۆڕشه بوو تا ڕەنگدانەوەی کرماشان و ئیلامیش وەکوو بەشەکانی دیکەی کوردستان زۆرتر بێت. بزووتنەوەی میللی - دێموکراتیکی کورد توانی به سانایی درز بکات نێو ناوچەکانی یارسان، گۆران و زۆرێک له کورده جەعفەرییەکانیش پەیوەست به هێزی پێشمەرگه بوون بەڵام هەروەک باسمان کرد به هۆکاری نەبوونی دەرەتانی زیاتر و دەسپێکی شەڕی ئێران و عێراق، حیزبەکان هەل و دەرفەتی چالاکی لەو ناواچانەیان له‌دەست دا، بەڵام نفوز بەم ناوچانه هەر له ئستراتژی حیزبەکاندا مایەوە و دواتریش به هاوئاهەنگیی چینی خوێندەوار له سەرانسەری کوردستان بۆ پڕ کردنەوەی ئەم بۆشاییه دەستی پێکردەوه و تا ئێستاش درێژەی هەیه.

له ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی کوردی هەر له سەرەتاوه شوناسی کوردی وەک ناوەند بۆ کارەکانی خۆی داناوه و له سەرتاسەری کوردستانی گەورەش بزووتنەوەی کوردەکان بناغەی هەوڵه سیاسی و بەرگرییەکانی خۆی لەسەر شوناسی کوردی داڕشتووه. ئەگەر له خۆرهەڵات به هۆکاری جیاوازی ئایینی بەشێک له خەلک لەگەڵ حکومەتی ئێران کەوتن، هێندێک له نووسەرە فارسەکان ویستیان لەو شته له ڕاستای کەمڕەنگ کردنەوەی خەباتی میللی - دێموکراتیکی کوردەکان و پێناسه کردنی ئەو خەباته له چوارچێوەی کوردە شافێعییەکانی کەڵک وەرگرن. بەڵام دەبێ بگوترێ، هەمان گوتاری ناسیۆنالیزم به میتافۆر و خاڵی هاوبەش له باشووری کوردستان – کوردستانی عراق- له نێوان کوردەکانی شافێعی مەزهەب دژی دەسەڵاتی سوننه مەزهەبی بەعس درێژ ماوەترین خەباتی کوردەکانی به ناوی خۆی تۆمار کردووه، یان خەباتی کوردەکانی باکووری کوردستان که بەشی زۆریان ئایینی شافێعیان هەیه، دژ به تورکه سوننه مەزهەبەکان له ئارادایه. نموونەیەکی بەرچاوی دیکه له ئێران، تورکەکانی ئازەربایجانی شیعه مەزهەب دژ به حکوومەتی تارانه که ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌هێزتر دەبێت. کەواته دەتوانرێ بگوترێ سەرەڕای تایبەتمەندیی نائایینی بوونی بزووتنەوەی میللی - دێموکراتیکی کورد، به هۆی بەرز بوونی ئاستی ناسیاریی خەڵک له مۆدێرنیته و کەمڕەنگ بوونەوەی شوناسی مەزهەبی، چاوەڕوان دەکرێ کورده شێعەکان ڕۆڵێکی بەرچاوتر له نێو بزووتنەوەی کورددا بگێڕن. ئەگەرچی له خەباتی کوردەکاندا له دوای شۆڕشی ٥٧ ڕۆڵی کوردەکانی باشووری کوردستان کەمتر له ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوو، بەڵام ئەمرۆکه شایەتی ڕۆڵی بەرچاوی ئەم بەشه له کوردستان له خەباتی میللی - دێموکراتیکی کوردین، ئەمڕۆکه شاهێدی ئەوەین که کوردەکانی ئەم ناوچه ڕۆژ له دوای ڕۆژ زیاتر پەیوەست به ڕیزی پێشمەرگه دەبن.

هەڵبەت دەبێ بوترێ که بەشداریی کوردەکانی ئەم پارێزگایانه له هونەر، موزیک و ئەدەبیاتی کوردیدا زۆر زووتر له چالاکیی سیاسی دەستی پێکردووه و ئەمڕۆکە هاوهەنگاو لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لەم بوارانەدا سەرقاڵی چالاکین که ئەوەش بۆخۆی وەک یەکێک له تایبەتمەندییە هەره بەرزەکانی گوتاری نەتەوەیی کورده که سەرەتا له ئەدەبیات و هونەردا خۆی بنوێنیت و دواتر دێته نێو سیاسەت و خەبات.

بۆیە ناسیۆنالیزمی کورد بەرەو هەرمان و بزاڤی پێکهێنەر مەیلی هەیه و به ڕاگرتنی تایبەتمەندییەکانی خۆی له کەوتن له نێو فاشیزمدا خۆی پاراستووه، که واته توانای هاوئاهەنگی کردنی تەواوی کوردەکان به هەموو جیاوازیی ئایینی و زاراوەیی هەیه.

به قبوڵ کردنی بیرۆکەی توێ‌توێ (نظریەی لایەای) بوونی شوناسەکان دەتوانێ بوترێ توێی شوناسی نەتەوەیی کوردەکان ئەوەنده به‌هێز بووه که کاتێک توێی ئایینی کەوتووەته دژایەتی لەگەڵ توێی نەتەوەی، شوناسی نەتەوەیی زۆر به سانایی توێی ئائیینی وەلا ناوه و تەنانەت بەرانبەری خەباتی کردووه. له خۆرهەڵاتی کوردستان شوناسی نەتەوەیی کوردەکان وەک گەورەترین کۆسپ بۆ سەرهەڵدانی ڕەوته ئایینیەکان بهئەژمار دێت. ڕەوته ئایینییهکانی کوردستان له خوارەوەی دوایین ڕیزبەندی ڕەوتەکانی دیکە له کوردستاندا جێیان گرتووه، تەنانەت ڕەوته سوننەتیەکانی تەریقەت و تەسەوف له کوردستاندا که کەمترین شوناسی ئایینی له جۆری شیعه و سوینه بۆخۆیان قائلن، به کەمی سەرنج ڕاکێشن. له ڕاستیدا ڕەوته نەتەوەگرا و چەپەکانی کوردن که به نۆره له ڕیزی سەرەکیی ڕەوتەکانی کوردی جێ دەگرن و به سانایی دەتوانن چالاکییه بناژۆخوازەکان وەلا بنێن و ئەوەش بۆ بەشی زۆری چالاکانی کورد و خەڵکی کرماشان و ئیلام جێگای قبوڵ کردنه. ئەوان زۆر به باشی دەزانن کوردەکانی سوننه مەزهەب لەو دیوی سنوورەکان وەک به‌هێزترین دژبەر، دژی ئسلامییە بناژۆخوازەکان له عێراق و سوریه‌دان و ئەوەش نیشان دەدات که توێی شوناسی نەتەوە خوازی کورد ڕێگایەکی جیاواز له کێبڕکێی نێوان دەوڵەتە شیعه و سوننه‌کانە. ئەوه له حاڵێکدایه ڕەوته سیاسییەکانی کوردستانی ئێران له ڕووی سێکۆلار بوونیانەوە چەند قات بەرزتر له ڕەوته سیاسییەکانی دیکەی کوردستان لەو دیوی سنوورن. کوردەکان له بەشەکانی دیکەی ئێران له مەجلسی شەشەمدا فراکسیونی نوێنەرانی کوردیان پیکهێناوه، چالاکانی خوێندکاریی کورد، کرێکارانی کورد و تەنانەت سەربازه کوردەکان له پادگانەکانی هێزه چەکدارەکانی ئێران، هەموو کات له تەنیشت یەکتر لە سەر بنەمای شوناسی کوردی خۆیان پێناسه دەکەن. هەروەک ڕەوتی ڕووداوەکان نیشانی داوه ئاڵۆزییه ئایینیەکانی دەوڵەتانی ناوچه له ئاکامدا ناتوانێت هیچ ڕۆڵێکی نەرینی لەسەر ڕەوتی گەشە سەندنی ناسیۆنالیسمی کوردی له ناوچەکانی کرماشان و ئیلام هەبێ و ئەوەی پتەویی و خێرایی ئەم پرۆسەیەی له خۆی گرتووە، چالاکیی زۆرتری چالاکانی ئەم ناوچەیه له پرۆسەی کوردایەتیدایه و هەروەها هەوڵی حیزبەکان و ڕەوته سیاسییەکان له ڕاستای بەشداریی زیاتری ئەم چالاکانه له ڕێکخستنی خۆیاندایه که ئەوه خۆی باسێکی جیاوازه، بەڵام ئەوەی که دەبێت چالاکانی کورد و ئەندامانی حیزبه سیاسییەکانی کوردستان بزانن ئەوەیه که؛ له ئەساسدا جیاوازیی ئایینی و ناوچەیی ناتوانێت له ڕەوەندی پەتەوی بزووتنەوەی میللی - دێموکراتیکی کوردیدا ببێته کوسپ، بەڵام نابێت له یارییه سیاسییەکان و له ڕاستای گەیشتن به دەسەڵاتی زیاتر لەم جیاوازیانه وەل پۆئەن دژ به بەرانبەرەکەی کەڵک وەربگیردرێت. دەتوانین بلێین که ئەو توێی سوبژکتیوەی کوردییه که دەتوانێ به کردەوی دروست ئەم پرسانه زەق بکاتەوه.

له ئاکامدا بەوە دەگەین که کوردەکان جیاوازییه جۆراوجۆرەکانی خۆیان قبوڵ کردووه و ئەوەش وەک دەوڵەمەندی و گەورەیی نەتەوەیی خۆیان دەزانن.

ناسیۆنالیزمی کورد لەسەرەتای پێگەیشتنی خۆی هەموو دەرگاکانی بۆ هەموو کوردێک به کراوەیی هێشتووەتەوە. ناسیۆنالیزمی کوردی ڕۆحێکی هەرمان خوازانەی هەیه، بۆیه سەرەتای چالاکییەکانی خۆی به ئەدەبیات و هونەرەوه دەست پێکردووه و بناغەکەیشی لەسەر بەها دێموکراتیکەکان و مافه‌کانی مرۆڤ داڕشتووه و نەرمی نواندنی پێویست بۆ قبوڵ کردنی هەموو کوردێک و تەنانەت نەتەوەکانی دیکه هەیه.توێی شوناسی نەتەوەیی کورد بەسەر شوناسی ئایینیاندا زاڵه و ئەوەیش شوناسی نەتەویی کوردەکانه کە سەرەڕای بێ‌بەشکردنی کوردستان، پێشی به پەره سەندنی بناژۆخوازیی مەزهەبی گرتووه و کێبڕکێیەکانی نێوان دەوڵەتانی شیعه و سوننەی ناوچه، توانای به لاڕێدا بردنی خەباتی میللیی کوردەکانی نیه و کوردەکان له ڕاستیدا نه تەنیا لەم موناقشه ئایینیانه دوور دەمێنن، بەڵکوو له دەرفەته پێش هاتووەکان لەم بارودۆخه له ڕاستای ئامانجەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن و له ئاکامدا ڕاسانی نەتەوەیی کورد هەتا دوورترین ناوچەکانی کوردستان به خێراییەکی زۆرەوه دەچێته پێشەوه.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.