کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ سەرکوتی زیاتری ئازادیخوازان فەرماندەی بەسیجی ڕێژیم گۆڕدرا

16:56 - 18 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: بە بڕیاری عەلی خامنەیی پاسداری تێرۆریست مۆحەمەدڕەزا نەقدی لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و پاسدارێکی سەرکوتکەرتر لەجێگەی دانرا.

ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ ی سەرماوەز عەلی خامنەیی بڕیاری دا پاسدار نەقدی بکرێتە جێگری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی سپای تێرۆریستی پاسداران و لەباتی ناوبراو غوڵامحسەین غەیب پوور وەک فەرماندەی هێزی بەسیج دیاری کرا.

مۆحەممەدڕەزا نەقدی لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە نەجەفە و بە یەکێک لە مۆرە کۆنە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم دەژمێردرێ کە پێشتر فەرماندەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا و یەکێک لە دامەزرێنەرانی قەرارگای حەمزە لە کوردستان بووە؛ ناوبراو یەکێکە لەو کەسانەی کە ناوی لە لیستەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکاندا دەبیندرێ.

پاسدار نەقدی ڕۆڵیکی بەرچاوی لە کوشتار و سەرکوتەکانی کوی دانشگا و ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ هەبوو.

لەبەرامبەریشدا پاسدار غوڵاحسەین غەیب پور کە جێگەی نەقدی لە ڕێکخراوی سەرکوتکەری بەسیجدا گرتۆتەوە یەکێکە لە مۆرە بەدناوەکانی ڕێژیم کە ساڵانێکی دورودرێژە سەرقاڵی خۆشخزمەتی بە ڕێژیمە. ناوبراو لە دایک بووی شاری شیرازە و ماوەی ١١ ساڵ فەرماندەی سپای فەجری پارێزگای فارس بووە و بە یەکێک لە مۆرە توندئاژۆکانی بەسیج دەناسرێ کە پاش کوژرانی پاسدار حسین هەمەدانی فەرماندەی قەرارگای ئیمام حسەین جێگەی ناوبراوی گرتەوە.

غەیب پور وەک یەکێک لە ڕواڵەتە مۆخلیسەکانی خامنەیی ناسراوە کە لەم پێناوەدا تەنانەت پەلاماری کەسانێکی وەک ڕەفسەنجانی و عەلی مۆتەهەری داوە و زۆر جاران ئامادەیی خۆی بۆ سەرکوتی ناڕازییان و دژبەران و جیابیران دەربڕیوە.

لەپاش ڕووداوەکانی سالی ٨٨ ناوبراو نازناوی گڵاوی سیاسی بۆ ناڕازییان بەکار هێنابوو.

چالاکانی سیاسی پێیان وایە گۆڕینی فەرماندەی بەسیج لەم کات و ساتەدا زیاتر لەوەیکە گۆڕینی ئاسایی مۆرەکان بێت، هەوڵێکی نوێی ڕێژیمە بۆ دەست ئاوەڵاکردنی بەسیج لەمەڕ سەرکوتی زیاتری خەڵک و جیابیران؛ هەندێک کەسیش پێیان وایە فەرماندەی پێشوو وەک پێویست نەیتوانیوە ویستەکانی خامنەیی لەمەڕ کوشتار و سەرکوت بێنێتەدی و جێگیرکردنی غەیب پور هەوڵێکە بۆ دامرکاندنەوەی هەستە سادیسمییەکانی خامنەیی.