کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاسمانی یەکیەتیی ئورووپا قەدەغە کران

14:14 - 19 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: فڕینی فڕۆکەکانی شیرکەتی ایران آسمانی ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتانی ئورووپایی قەدەغە کرا.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە؛ یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە؛ فڕێنی فڕۆکەکانی شیرکەتی ایران آسمانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ یەکیەتیی ئورووپای قەدەغە کردووە.
یەکیەتیی ئورووپا بە هۆی نەبوونی مەرجەکانی دڵنیایی لە فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێراندا بە بەراورد لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەو بڕیارەی دەرکردووە.

شیرکەتی فڕۆکەوانیی آسمان سێهەمین شیرکەتی هەوایی ڕێژیمی ئێران له بواری ژمارەی فڕۆکەکان ئەژمار دەکرێت.

بەپێی ئەو بڕیارەی یەکیەتیی ئورووپا لە بواری دڵنیایی فڕۆکەکان، تا ئێستا ١٩٣ شیرکەتی فڕۆکەوانی له ١٨ وڵات هاتوچۆیان بۆ وڵاتایی ئورووپایی قەدەغە کراوە.

ناوگانی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران زۆر کۆن و پرتووکاو بووە و ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات فڕۆکەی نوێ بکڕێت، بەڵام ئامریکاوە به هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای فڕۆکەوە چەک‌وچۆڵ بۆ سووریه دەنێرێت، لە فرۆشتنی فڕۆکە بەو ڕێژیمە خۆ دەبوێرێت.

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ ١١٨ فڕۆکەی موسافیرهەڵگر بە بڕی ٢٧ میلیارد دۆلار لە شیرکەتی ئێیرباس بکڕێت، بەڵام لە لایەن ئامریکاوە ئیزنی فرۆشتنی پێ نەردا.

پێشتریش عەباس ئاخوندی، وەزیری ڕێگەوبانی کۆماری ئیسلامی بە نیگەرانییەوە باسی لە دۆخی فڕۆکەخانەکانی ئێران کرد و باسی لەوە کرد کە تەنیا ٨ فڕۆکەخانەی ئێران واتە کەمتر لە ٢٠% ی ناوگانی هەوایی، چالاکییان هەیە.

هەنووکە تەمەنی پیشەی هەواپێوانی ئێران لە ٨٢ ساڵ تێپەڕیوە و بەهۆی کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٤ دەیەی ڕابردوودا گەیشتۆتە خاڵی سوور و یەکێک لە بێ‌متمانەترین ناوگانەکانی جیهانە.