کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ڕاسان\" دەروازەیەک بۆ خەباتی هەمەلایەنە

20:35 - 20 سەرماوەز 2716

بیریار

چەمکی ڕاسان هەڵگری واتایەکی بەرینترە لە ناردنەوە و پێوەندیی ساکاری پێشمەرگە و خەڵک، چوونکە هیچکات ئەم دووانە لە یەکتر جیا نەبوون و دێموکرات هەڵقوڵاوی ناخی گەلە و پێشمەرگەش لە دڵی خەڵکدایە. ڕوونکردنەوەی بۆچییەتی ڕاسان پێویستی بە تێڕوانینێکی دوولایەنەی مێژوویی و هەنووکەیی هەیە؛ لەم ئاڕاستەیەدا هەم دەبێت هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم و هەم دۆخی پارچەکانی تری کوردستان ڕەچاو بکرێن. دیارە سەبارەت بە پرسی کورد هەڵوێستی دەسەڵاتداران نەگۆڕدراوە و حکومەتی ئێران هیچکاتێک نەیویستووە و نایەوێت پرسی کورد و دیکەی نەتەوەکانی ئێران چارەسەر بکرێت و بێجگە لە تواندنەوە بڕوای بە هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بۆ وێنە، هیچکات وتووێژ و دیالۆگیش بۆ لایەنی بەرانبەری کورد بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەریی نەبووە. پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، کاتێک خومەینی، حوسێنی کرمانی بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی کوردستان ڕوانە دەکات، بەوجۆرە ئامۆژگاری دەکا: ... بە هەر جۆرێ بە ڕای جەنابت و ئاغایان مەسڵەحەت بوو هەڵسن بە هێورکردنەوەی ناوچەکە. مەبەست ئەوە نییە کە لەگەڵ جینایەتکاران – کە سەرۆکەکانن - وتووێژ بکەن؛ ئەوان دەبێت سەرکوت بکرێن....

هەروەها، حکومەت و ئەرتەشی ئێران تەنانەت لە کاتی وتووێژەکانی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ی گەلانی ئێراندا، واز لە بوردمانی خەڵک ناهێنن، بەجۆرێ کە وەزیری نێوخۆی ئەو دەمەی ئێران، ئەحمەد سەدرحاج سەیید جەوادی، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەرتەشی ئەوکات، تیمسار قەرەنی، دەڵێت: فڕینی جێتەکان بە سەر شاری سنەدا، بووە هۆی تووڕەیی خەڵک و پچڕانی وتووێژەکانی ئێمە، چ کەسێک فەرمانی وەها مانورگەلێکی دەرکردووە، لەلایەن پادگانەوە بەرەو خەڵک تەقە دەکەن و کوشتن توندتر دەبێت؟ فەرمان بدەن دەسبەجێ تەقە کردن ڕاوەستێت و چیتر نۆ ڕۆژ و نۆ شەو تەقە نەکرێت و شەوانە تیشکهاوێژ نەهاوێن.، بەڵام سەرۆکی ئەرتەش بە هۆی دەسەڵاتێ کە لەلایەن ڕێبەری شۆڕشەوە پێی بەخشرابوو، ئەو داواکارییە قبووڵ ناکات.کەچی بەپێچەوانەوە، هێزە کوردییەکان بە شەڕخواز دەناسێنن. هەرچۆنێک بێت، دەسەڵاتدارانی حکومتی ئیسلامی هەر ئەم سیاسەتەیان درێژە پێدا. لە پێناو هەر ئەم سیاسەتەی سەرکوتدا بوو کە ڕێبەرانی کورد، تێرۆر کران. سیاسەتی ئەوان هەر لە سەرەتاوە لە بەرانبەر دژبەرانیاندا سیاسەتی سەر لێ بدە، لەش بۆخۆی دەکەوێت، بووە. کەواتە حکومەت بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کوردستان لە ڕێگای وتووێژ و دابینکردنی مافی کورد نەبووه و بڕواشی پێ نەبووە و بۆ دەرفەتێک وەک ئەو ساڵانەی ڕابردوو دەگەڕا کە لە کوردستان لە سایەی تەقەی چەکی پاوانخوازانەی خۆی و بێدەنگیی چەکی پێشمەرگە، دەنگی خەڵک کپ کات و سیاسەتی وەکیەک لێکردن و ئەسمیلاسیۆن و گۆڕانی پێکهاتەی جەماوەری کوردستان بە هێوری و بێ لەمپەر جێبەجێ بکات.

سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەر لە وڵاتەکانی تریشدا هەر وابووە و قەت وتووێژ و ڕێگای ئاشتیانە بە تەنیایی چارەسەریی بە دواوە نەبووە. ئەگەر شەڕی بێ وچان و کۆڵنەدانی حێزبە کوردییەکانی بزووتنەوەی باشوور و چەکی پێشمەرگە نەبایە، بێگومان ئێستاش باشوور ڕزگار نەکرابوو و ئێستاش هێزی پێشمەرگە نەبێت بەغدا دیسانەوە پەلاماری کوردستان دەدات. لە سووریە ئەگەر ئەو قەیرانەی ساڵانی ڕابردوو و هێزی چەکی دژبەرانی ئەسەد و لاوازبوونی دەسەڵاتەکەی نەبایە، لەوێش ئەسەد ڕێگای بەو دۆخەی کوردستان نەدەدا. لە تورکیە ئەگەر هێزی چەک و بەردەوامیی خەباتی پ.ک.ک نەبوایە، خەباتی مەدەنی بەوجۆرە پەرەی نەدەسەند. هەرچەند بەو سووکە دەرەتانەش کە هەبوو و ئەو هەموو هەوڵە بۆ چارەسەری ئاشتیانە و سیاسی درا، دیسانەوە دواییەکەی بینرا کە بیانوویان خستە دەست و نوێنەرانی کورد قۆڵبەست کران. هێشتاش بە گوێرەی ئەم وڵاتانە دۆخەکە لە ئێراندا زۆر ئاڵۆزترە.

لە ئێران هیچ دەرەتانێک بۆ چالاکیی سیاسی و کاری مەدەنی نییە. نە ڕێگا بە ئازادیی حێزبی و ئازادیی ڕاگەیاندن دەدرێت و نە هیچ بەشدارییەک لە دەسەڵاتدا بۆ کورد هەیە، چ لە ئاستی وڵات چ لە ئاستی خۆجێیدا.

تەنانەت لە بواری کەلەپووریی و زمانیدا هیچ مافێکی لە ئاستی ئەو دوو بنەمایەی یاسای بنچینەیی خۆشیاندا ڕەچاو ناکرێت، بە هۆی ترسێک کە هەیانە لە گەشەسەندنی هەستی نەتەوەخوازی. لە چوارچێوەی دامەزراوە ناحکومییەکانیشدا ڕێگا بە چالاکی نادرێت کە نەکا کارێک و چالاکییەکی ڕانەهاتوو لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەوان بکەن یان پێوەندییان بە دەرەوە یان حێزبە کوردییەکانەوە هەبێت. بۆ نموونە ڕادەی ئەم دامەزراوە ناحکومییانە لە ناوچە کوردییەکاندا زۆر نزمترە لە پارێزگاکانی تر و لە کاتی داواکاریی بۆ پێکهێنانیان وەزارەتی ئیتلاعات دۆسیەی دامەزرێنەران و ئەندامانی کارای ئەوانە تاوتوێ دەکات و ئەگەر گومانیان لەسەر هەر جۆرە چالاکییەکیش کە ناڕاستەوخۆ پێوەندی بە داخوازییەکانی نەتەوەی کورد و سیاسەتی دژبەرانەی ڕێژیمەوە هەبێت، یان لەسەر دامەزرێنەرانیان بەگومان بن کە ئۆگری سیاسی دژبەرانەی تەنانەت سەربەخۆشیان هەیە و گرێدراوی هیچ حێزبێکی سیاسی دژبەر نەبن، بەرگیری دەکەن لە دامەرزاندنی و بەو مەبەستەش پێش دامەزراندن دۆسیەی تەواوی دامەزرێنەران بۆ پشکنین پێشکەشی وەزارەتی ئیتلاعات دەکرێت. هەر لەم پێوەندییەدا بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی پێوەندیدار بەم دامەزراوانەوە لە ساڵی ڕابردوودا لە شارێکی کوردستاندا، بەرپرسێکی ئیتلاعات لە قسەکانیدا گوتبووی ئێمە کە دۆسیەی ئەمانە دێتە بەردەستمان، ناهێڵین لە ژێر دەست دەرچن و دەیانناسین و ڕەتیان دەکەینەوە، بەڵام باشتر وایە ئێوە هەر لە سەرەتادا خۆتان بە بیانووی جۆراوجۆر (وەک گیردان بە بواری چالاکی و...) ڕەتیان بکەنەوە کە ناوی وەزارەتی ئیتلاعات بە خراپ دەرنەچێت و ئاماژەی کردبوو کە زۆرینەی ئەندامانی ئەم دامەزراوانە پێوەندییان بە گروهەکها (بە وتەی خۆیان) و دەرەوە هەیە و بۆ ڕووخانی ڕێژیم کار دەکەن و نابێت ڕێگەش بدرێت هیچ پشتیوانی ئابووری و نائابووری دەرەکییان تەنانەت لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان هەبێت و بەشداریی کۆنفڕانسەکانی دەرەوەی وڵات بکەن!. کەواتە هیچ دەرەتانێک بۆ سیاسەتی بەکۆمەڵ و گرووپی کە دەتوانێت کاریگەر بێت نییە و سیاسەتکردنی تاکەکەسیانەش دیارە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە و تاکەکانیش ساکارتر سەرکوت دەکرێن. جا لە وەها دۆخێکدا هەندێ ڕەخنە دەگرن کە بۆچی ڕاسان! و هەندێکی تریش بە بێ ئاگاداربوون لە پێویستییەکانی، باسی خەباتی ناتوندوتیژ دەکەن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە ژێر ناوی خەباتی مەدەنیدا خەڵک بۆ هەڵبژاردنە ڕواڵەتییەکان هان دەدەن و وادەزانن ئەگەر بواری هەبایە لایەنە کوردییەکان نەیاندەکرد!

کاتێک کە لەلایەکەوە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی نێو سیستم هیچ هەوڵێک نادەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەکان و لە بنەڕەتدا بڕوایان بە بوونی ئەوە نییە و نایانەوێت زەق ببێتەوە و لەلایەکی تریشەوە، هیچ دەرفەت و دەرەتانێک بۆ چالاکیی سیاسی و ئاشتیانە نییە، چارە چییە؟ تا ئەو ساڵ ڕۆژهەڵات چاوەڕێی باشوور بوو و خۆی ڕاگرت و دۆخی ئەوێی لەبەرچاو دەگرت، بەڵام ئێستا دۆخی ئەوێش گۆڕاوە. چ بەرەو سەربەخۆیی بڕوات چ نەڕوات، پاساوێک نییە کە کوردی ڕۆژهەڵات چیتر ڕاوەستێت، چوونکە لە ئاستی پێویستدا دەسەڵاتەکەی ناسراوە و دەسەڵات و هێزی هەیە و ئەگەری دابەزین و کشانەوە لەو ئاستە زۆر کەمە. بۆیە هەرچەند کورد بە گشتی هیچکات شەڕخواز نەبووە، بەڵام کوردی ڕۆژهەڵاتیش کاتێک ڕێگایەکی تری نەبوو و شەڕی بەسەردا سەپا، چارەیەک نییە و بۆ بەرگری لە مافی دەبێت هێزی وەجووڵە بخات.

ئێستا کە هەموو ڕێگاکان داخراون و دەرەتانی خەباتی مەدەنی و سیاسی بە بوونی ئەو ڕێژیمە بەو سیاسەتانەیەوە مەحاڵە، سیاسەتی هەمەلایەنە پێویستە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە؛ لە پێشدا هەوڵ بۆ یەکیەتی و یەکگرتوویی نێوماڵی کورد، هەوڵی دیپلۆماتیک بۆ گوشاری نێودەوڵەتی لە ڕێگای دەستێوەردانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەتایبەت ئەوانەی مافی مرۆڤ بۆ کردنەوەی درگایەک بۆ خەباتی مەدەنی، و هەروەها بۆ گوشاری نێودەوڵەتی لە پێناو کزکردنی دەوڵەتی توتالیتر و لە ئاکامدا دێموکراتیزە کردنی ئێران، هەوڵ بۆ پێوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و ناکۆک لەگەڵ ئێران، خەباتی چەکداری لە شاخ و شار بۆ گوشار خستنەسەر حکومەت و بە ئەگەری کەمەوە قبووڵی وتووێژی ڕاشکاوانە بە بەشداریی وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵ بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی بە شێوازی جۆراوجۆر، بەهێزکردنی خۆ لە بواری ڕاگەیاندن و پێوەندییەکاندا، هەوڵ بۆ هاندانی خەڵک بۆ سەربەخۆ بوون و گرێدراونەبوون بە حکومەتەوە بەتایبەت لە باری ئابوورییەوە و...

هەروەها دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی کە زەینییەتی نادێموکراتیکی ڕووناکبیر-دەسەڵاتداری ناوەند تێکبدرێت و بەرەو زەینییەتی دێموکراتیک بڕوات و فێرببێت کە خەڵک سەروەری و دێموکراسی واتە ئەوەی کە ئەوان ڕێگە بە خۆیان نەدەن لە جێی کەس و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بڕیار بدەن. ناوەند و ناوەندخوازەکان بۆیان نییە لە جێی نەتەوەکانی پەڕاوێزخراو و چەوسێنراو بڕیار بدەن. ئەم مێشکە داخراو و کۆن و فۆسیلییەی ئێرانی پێویستی بە گۆڕانە و ئەوەش بەتەنیا بە کاری نەرم ئامرازی ناکرێت چوونکە ساڵەهایە هەوڵەکانی لەم چەشنە ئاکامێکی نەبووە و دەسەڵاتی توتالیتری زاڵ ڕێگەی نەداوە، بۆیە گۆڕانی پێکهاتە و دەسەڵاتداریش پێویستە و ئەمە بە سەخت ئامرازی ناوەکی و دەرەکی دەکرێت و ڕاسان نوێنەر و خاڵی دەسپێکی لایەنی ناوەکی دەبێت.

ڕاسان واتە هەمووی ئەوانەی سەرەوە و بەرتەسک ناکرێتەوە بە خەباتی شاخ و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە هەندێ لەم بوارانەوە جووڵە و گەشەی حێزب بینراوە، وەک هەڵکردنی پێوەندیی بەرینتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و ناردنەوەی پێشمەرگە. لەم پێوەندییەشدا پێویستە بگوترێت کە بە پێچەوانەی بیروڕای هەندێ هاوڕێ کە بانگەشەی گرێدانی خەباتی شاخ و شار دەکەن وەکوو تیۆرییەکی تازە و باس نەکراو و دۆزراوە!

ئەو دووانە هیچ کات لای کورد جیا نەبوون و پێشتریش هەر بە خەباتی مەدەنی شار و سەرشەقام بووە و لە سەرەتاشدا خەباتی شاری هەبووە و خەباتی شاخی لە ڕووی ناچاری بووە و هاوڕێیانی شار و گوند بوون کە ڕوویان لە شاخ کردووە و هیچکات نەیانویستووە ئەو پێوەندییە ببڕن. کاتێ شاری لێ داگیرکرا و ڕێگای سەرشەقامی پێ نەدرا ڕووی لە شاخ کرد و لە مێژووی سەردەمی کوردا ئەم دوو گۆڕەپانە لێکتر جیا نەبوون و هەر پێوەندییان هەبووە و بنەما لای کورد خەباتی شار بووە. ئەمە شتێکی تازە نییە کە پێویستی بە گرێدان هەبێت. سووکە ئازادییەک تەنانەت لە ئاستی تورکیای ساڵانی ڕابردوودا هەبایە، شار لە جووڵەدا دەبوو و لە ساڵانی پێشیشدا بە بچووکترین هەل جووڵەی هەبووە. کەواتە خەباتی کورد، هەمیشە مەدەنی دەبوو ئەگەر بەرانبەرەکانی مەدەنی بوایەن و، ئەگەر بیانهێشتایە چالاکیی مەدەنی هەبایە، خەباتی شاخ نەدەبوو.

هەرچۆنێک بێت، ڕاسان ڕێگایەکە بەرەو هەستانەوە و بەرگری لە کوژانەوەی دەنگی کورد و هەوڵ بۆ ڕەخساندنی هەل. بەڵام ئەم جووڵەیە دەبێت بەوپەڕی پارێز و بە کەمترین تێچووەوە بێت و هەوڵ بدرێت تا دەکرێ سەرمایەی مرۆیی بپارێزرێت و خاوەن پلان بێت. بەداخەوە جووڵەی ئەو ساڵ، وێرای هەموو لایەنە ئەرێنییەکانی، تێچووی مرۆیی زۆرتر لە ئاستی چاوەڕوانکراو بوو. پاراستنی هێزی مرۆیی زۆر گرنگە و دەبێت لەم بوارەدا هەوڵی زیاتر بدرێت، تاکوو زۆربوونی ئەم تێچووە کاریگەریی نەرێنی لێ نەکەوێتەوە. دەبێت هەوڵ بدریت بۆ هەندێ تاکتیک کە زۆرترین کاریگەریی و کەمترین تێچوویان هەبێت. کەواتە، ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ پێوەندی لەگەڵ خەڵک تەنیا بەشی بەرچاو و نوێنگەی ڕاسانە نە هەمووی و ڕاسان تێپەڕینە لە دۆخی بێ جموجووڵیی بەرەو گەشەپێدان و کردنەوەی دەروازەکان بۆ خەباتی هەمەلایەنەی بەرینتر.

هەروەها ڕاسان گەشبوونەوەی سکڵی کوانووی خەباتی کوردە بۆ بەردانی گڕەشەماڵ لە ڕەشماڵی داگیرکەران لە سەر خاکی پیرۆزی کوردان. بۆیە، هاوکات ڕاسان داهاتووبینی تێدایە و هەوڵێکە بۆ پاراستنی هێمنایەتی داهاتووی کوردستان و پارێزگاریی لە گەل بە سەرهەڵدانی هەر قەیرانێک. بە گەلی دەسەلمێنێ و پیشانی دەدات کە ترسیان لە سەرلێشێواوی بە هۆی گۆڕانکاریی لە داهاتووی ناوچەکەدا نەبێت کە پێشمەرگەیان هەیە. هەبوون و ئامادەبوونی حێزب و پێشمەرگە ئەو دڵنیاییەی دەدات کە بە دەسپێکردنی ئاگری شەڕی ئێران، کوردستان ناوچەیەکی پارێزراو دەبێت و پێشمەرگە وەک هێزی خەڵک، ماڵ و گیانی خەڵک دەپارێزێت و کوردستان لە ئاژاوە و بشێوە ڕزگار دەکات و تەنیا هێزی خاوەن شەرعیەتی چەکداربوون دەبێت و قەت ڕێگا نادات بۆشایی دەسەڵاتی داگیرکەر، ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە و جێگرەوەی ئەوە، دەسەڵاتی ڕەوای گەل دەبێت. کەواتە ڕاسان گەڕەنتی بەردەوامیی ژیانێکی سەربەرزانە و شانازانە و خۆشتر لە جاران و مزگێنی هێمنایەتی بەردەوامە بۆ خەڵک لە هەر دۆخێکدا.
.................................................
سەحیفەی خومەینی، بەرگی ٩، ٦/٦/١٣٥٨.
علی کلوندی، فریاد آزادی پیشمرگ مسلمان کرد، تهران: انتشارات فاتحان، بهار ١٣٩٤، ص ١١.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.