کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسیەی ئێران ڕادەستی ستراتژیستەكانی پێنتاگۆن دەكرێت

14:50 - 21 سەرماوەز 2716

كوردستان میدیا: سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاندووە كە؛ دۆناڵد ترامپ، بەرپرسایەتیی دۆسیەی ئێران لە ئەنجومەنی تەناهیی نیشتمانیی ئەمریكای بە مایكل فلین بەڕێوەبەری پێشووی ئیدارەی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری سپاردووە.

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ڕۆژنامەی ئەلئەنبای كوەیتی وتووە: دۆناڵد ترامپ بۆ پرسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوو كەس لە ستراتژیستەكانی ئەمریكای كە پێشتر لە وەزارەتی بەرگریدا كاریان كردووە، لە ژێر بەرپرسایەتیی مایكل فلین كردۆتە بەرپرسی دۆسیەی ئێران لە ئەنجومەنی تەناهیی نیشتمانیی ئەمریكا.

ناوبراو ئاماژەی بە ناوی ئەو ستراتژیستە نەكردووە، بەڵام جەختی كردۆتەوە كە ئەو دوو كەسە زانیاریی بەربڵاویان لەسەر پێوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا هەیە.

پێشتر سەرچاوەكانی نزیك لە سەركۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریكا باسیان لەوە كردبوو كە؛ ترامپ پۆستی ڕاوێژكاری تەناهیی نیشتمانیی كۆشكی سپیی بە مایكل فلین ژنڕاڵی خانەنشینكراو و بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا پێشنیار كردووە.

تۆماس ڕیكس شرۆڤەكاری بڵاوكراوەی فارین پالیسی كە پێشتر لەگەڵ مایكل فلین كاری كردووە، دەڵێ؛ لەوانەیە ناوبراو ئەمریكا بەرەو شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ببات.

پێشتر ماڵپەڕی واشینگتۆن فری بەیكن ڕایگەیاندبوو؛ دۆناڵد ترامپ، سەركۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریكا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، نەیارانی ڕێژیمی ئێران لە خۆی كۆ دەكاتەوە.