کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ڕێژیم لە کابۆل بوونی پێوەندی لەگەڵ تاڵەبانی پشتڕاست کردەوە

14:51 - 21 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: محەممەدڕەزا بەهرامی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا دانی بەوەدا نا کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و گرووپی تێرۆریستی تاڵەباندا پێوەندی هەیە.

باڵوێزی ڕێژیم لە ئەفغانستان بە تەلەفزیۆنی ئاریانای ئەفغانستانی وتووە؛ کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بوار بۆ وتووێژ لە نێوان ئەفغانستان و تاڵەباندا خۆش بکات و ئامانجی تاران لەم پێوەندییانە چاودێری و وەرگرتنی زانیارییە.

پێشتریش چەندین جار ئامریکا و ناوەندە نێونەتەوەییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهان باسیان لە بوونی پێوەندی نهێنیی سەرانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ گرووپی تێرۆریستی تاڵەبان کردبوو.

لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا کاتێک مەلا ئەختەر مەنسوور، ڕێبەری تاڵەبان بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ئامریکا لە پاکستان کوژرا، پرسی پێوەندییە ژێربەژێرەکانی ڕێژیم و تاڵەبان هاتە ئاراوە.

ناوبراو پێش لە کوژرانی بە پاسپۆرتی تایبەتی ئێرانی لە ئێرانەوە بۆ پاکستان سەفەری کردبوو، پرسێک کە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم حاشای لێکرد، بەڵام ماڵپەڕی جهان نیوز ڕایگەیاندبوو کە، مەلا ئەختەر بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ئێراندا بووە و لەگەڵ نیهاد و دامەزراوە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم دانووستانی کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە کە جهان نیوز بڵاوی کردبۆوە، کۆماری ئیسلامی و تاڵەبان ڕێککەوتبوون کە هەوڵ بدرێت تاڵەبان بە پشتگیریی ئێران وەک خۆی بمێنێتەوە و ڕێگری بکرێت لە پرشوبڵاو بوونی ئەم گرووپە؛ هەروەها قاچاخی ماددە سڕکەرەکان یەکێکی دیکە لەو خاڵانە بووە کە ٢ لایەن لەسەری رێککەوتبوون.

ئەم ماڵپەڕە ٢ حەوتوو پاش بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە داخرا.

لە سەرەتای خەزەڵوەریشدا ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری وتەبێژی تاڵەبانەوە ئاشکرای کرد کە ئەم گرووپە سەرقاڵی دامەزراندنی پێوەندی و تۆڕی نوێ لەگەڵ تارانە.

لە ساڵی ٨٩دا ماڵپەڕی ویکی لیکس هەندێک بەڵگە و دێکیۆمێنتی بڵاو کردەوە کە دەریدەخست تاڵەبان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەباری ماڵی و چەک‌وچۆڵەوە پشتیوانی دەکرێت و چەکدارانی ئەم گرووپە تێرۆریستییە لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕاهێنانی سەربازی دەدرێن.