کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕیوەبردنی چالاکیی تەبلیغاتی بە بۆنە پێشوازی لە ٢٦ی سەرماوەز لە کوردستان بەردەوامە

14:57 - 22 سەرماوەز 2716

كوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنە پێشوازی لە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان چالاکیی بەرینی تەبلیغاتییان بەڕێوە برد.

سنە

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سنە، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغاتی و نووسینی درووشمی تایبەت، لە بلواری کوردستان، کانی دووشەم، شەقامی نمەکی، گۆڕەپانی مادەر، گەڕەکی ئاغە زەمان، شەقامی سیرووس، گەلەخان، تەپەی بەهارمەست، تەکیەی شێخ هادی، شەقامی ١١ متری، مەیدانی نەبووەت، شەقامی گۆڵشەن، شەقامی تاڵەقانی، سپوورئاوا، و لە ناوشار، پشتی ساڵۆنی تەختی، شەقامی فەرەح و گەڕەکی فەرەح بە گشتی، پێشوازیی گەرمیان لە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان کرد.

ورمێ

تێکۆشەرانی دێموکرات لە دزەی مەڕگەوەڕ لە بەرەبەرەی ٢٦ی سەرماوەزدا، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرفراوانی تەبلیغاتی، پشتیوانیی خۆیان لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات و ڕق و بێزاری خۆیان لە ڕێژێمی ویلایەتی فەقیهـ لە ئێران، دووپات کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان لە دزەی مەڕگەوەڕ، بە نووسینی درووشمی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز، سەرەڕای پشتیوانی لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات، پێشوازییان لە٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان کرد.

لەو چالاکییەدا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بە نووسینی دروشمی وەکوو دزەی دێموکرات قەڵای ڕێبازی قاسملوویە، دێموکرات ئاڵاهەڵگری ڕاسانی ڕۆژهەڵاتە، مەرگ و نەمان بۆ ویلایەتی فەقیهـ و بژی دێموکرات و خوێنی دێموکرات لە دەمارەکانماندایە، پیرۆزبایی ٢٦ی سەرماوەزیان لە پێشمەرگە و لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد.