کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بوودجەی نیزامیی خۆی زیاتر دەکات

15:06 - 22 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسانی نیزامی و ئەمنیەتیی ڕێژیمی ئێران بوودجەی نیزامیی زیاتر دەکەن و ئەوەش ئاماژەیە بۆ دەستێوەردانەکانی زیاتری ئەو ڕێژیمە له وڵاتانی ناوچەکە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەیکە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران حەسەن ڕۆحانی، بوودجەی ساڵی ١٣٩٦ی ڕادەستی مەجلیسی ڕێژیم کرد، بوودجەی ناوەندە نیزامییەکان لە دەوڵەتی ناوبراودا٨٠٪ زیادی کردووە.

هەروەها بوودجەی سپای تێرۆریستی پاسداران بە بەراورد لەگەڵ دوو ساڵی پێشوو دوو قات زیادی کردووە.

بە گشتیی بوودجەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە بڕی ٢٢ میلیارد دۆلار تێپەڕیوه و ئەو بڕە بوودجەیە لە ساڵی ٩٦دا لە ٤٢هەزار میلیارد و ٦٦٦ میلیۆن تمەن تێپەڕ بووە.

بوودجەی سپای تێرۆریستی پاسداران دوو قات لە بوودجەی ساڵی ٩٣ی هەتاوی زیاترە و نزیک بە ٧ هەزار میلیارد تمەن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٥ زیادی کردووە.

هەر لە بوودجەی نیزامیی ڕێژیمدا، بوودجەی سپای پاسداران ٦٣٪ زیادی کردووە کە ئەوەش بۆ تێچووی شەڕی سووریه دەگەڕێتەوە کە لە سەرەتای دەسپێکی شەڕی سووریهوە تا ئێستا، ڕێژیمی ئێران ٢٠ هەزار میلیارد تمەن بوودجەی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییەی زیاد کردووە.

بوودجەی ناوەندە نیزامییەکانی وەک ڕێکخراوی میلیشایی بەسیج بە بەراورد لەگەڵ سالی ٩٣ی هەتاوی ٨٤،٢٪ زیادی کردووە و ئەو بڕە پارەیە یەک هەزار و ١٥٥ میلیارد تمەن خەمڵێندراوە.

لەو پێوەندییەدا بوودجەی ساڵی ٩٦ی ستادی گشتیی هێزە هاوبەشەکان ٥٠٪، بوودجەی ئەرتەش ٥٢،١٪ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٣ زیادی کردووە.

کۆی گشتیی بوودجەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بۆ چوار ناوەندی نیزامیی ٨٦،١٪ زیادی کردووە و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران زیاتر پەرە بە زێدەخوازی و دەستێوەردانەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە دەدات.

ئەو بوودجەیە بە لەبەرچاوگرتنی دۆلاری ٣٣٠٠ تمەنی ٢٢ میلیارد دۆلار مەزندە کراوە.