کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چلەی شەهیدان د.سلێمان و رەسووڵ محەممەدزادە لە هامبورگ بەرێوەچوو

20:33 - 23 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدان دوکتور سلێمان چروکایه و شەهید ڕەسووڵ محەممەد زادە لە وڵاتی ئاڵمان ڕۆژی چلەی ئەو دوو شەهید نەمرەی کوردستانیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممه ڕێکەوتی ۲۰ی سەرماوەزی لە زانکۆی هامبۆرگی ئاڵمان چلەی شەهیدان دوکتور سلێمان چروکایە ناسراو بە دوکتور سەعید و شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە کادری بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێورەسمێکی بە شکۆدا بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی سیاسیی سەربەخۆ، نوێنەرانی حیزب و لایەنەسیاسییەکانی هەرچوار بەشی کوردستان، سەڕۆکی نەتەوەبندەستەکان لە ئاڵمان، ڕێناس جاف ئەندام پارلمان لە بەغدا، چەندین نووسەر و ڕووناکبیری کورد و ژمارەیەک ئەندام پارلمانی ئاڵمان بەشدار بوون.

لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدان کە لەلایەن بنەماڵەی شەهید دوکتور سلێمان و بەتایبەت سەلیم چروکایە برای شەهید ڕێکخرابوو، شاندێکی کۆمیتەیحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان بە سەرپەرەستیی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان بەشداری کرد و بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

نەقشبەندی لە سەرەتای قسەکانیدا بەناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی شەهید د.سەعید چروکایە دەربڕی.
نەقشبەندی لە درێژەی قسەکانیشدا باسێکی لە سەر ژیان، خەبات و تێکۆشانی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادەکادری لێوەشاوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرد و دواتر دۆخی کوردستانیڕۆژهەڵاتی بە وردی بۆ ئامادەبووان شی کردەوە.

نەقشبەندی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە چەوساندنەوەی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد لە لایەن حکوومەتی تێرۆریستیی کۆماری ئێسلامیی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە لە ناوچە و جیهان کرد و گوتی: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک حکوومەتێکی سەرەڕۆ و ئاژاوەگێر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووە، تا ئەو ڕێژیمەش مابێ جیهان ئاسایش‌به خۆیەوە نابینێ، لە لایەکی‌ترەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خەبات و تێکۆشانی خۆی بەرینتر کردۆتەوە و لە پڕۆسەیەکی نوێدا بە ناوی ڕاسان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی کورد خەباتی شاخ و شاری لێک گرێ داوە و ئەوش ترسی خستۆتە دڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

خەڵکی کوردستان و بەتایبەت لاوان بە گەرمی پێشوازی لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەن.

لە کۆتایی ڕێورەسمەکە، لە لایەن ناوەندی پارێزگاری لەئاڵای کوردستان لەوحی رێزلێنان پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدان د. سلێمان چروکایە و ڕەسووڵ محەممەدزادە کرا و شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەی شەهید ڕەسووڵ محەممەدزادە خڵاتەکەی وەرگرت و سپاسی ناوەندی پارێزگاری لە ئاڵای کوردستان کرد.