کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی رێورەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە واشینگتۆن

16:43 - 30 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: بۆ رێز گرتن لە رۆژی پێشمەرگەی کوردستان کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا بە هاوکاری کۆمیتەی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لەم وڵاتە رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی١٢ی٢٠١٦ ، لە دەڤەری واشینگتۆن و بە بەشداری جەماوەرێکی بەرچاو لە کوردستانیان ڕێورەسمێکی بە شکۆیان بەرێوە برد.

سەرەتای بەرنامەکە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ وڵاتی ئەمریکا لە لایەن هاورێ عوسمان پاڵانی ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە ئەمریکا، خوێندرایەوە؛ لە پەیامی کۆمیتەدا رۆلی پێشمەرگە لە جوڵانەوەی گەلی کورددا بەرز نرخێندرا و هەروەها ئاماژە بە پەیامی مێژوویی سکرتێری گشتی حیزب لە بەهاری ئەمساڵدا کرا کە لە راستای پەیامی بەرێزیان دا پیشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان تێکۆشانێکی تازەیان دەست پێکردۆتەوە.

هەروەها لەم پەیامەدا ئاوڕ درایەوە لە قارەمانەتی پێشمەرگەکانی حیزب و یادی شەهیدانی ڕاسان بەرز نرخێندرا.

دواتر پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن بەرێز مەحبووبە حوسێنی بەرپرسی کۆمیتەی ژنانی دێموکرات لە ئەمریکا خوێندرایەوە.

شیاوی باسە کە برووسکەی پیرۆزبایی ئەم حیزب و رێکخراوانەش بە بەرێوەبەرانی بەرنامەکە گەیشتبوون کە ئاماژە بە ناوەکانیان کرا:
نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا
کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا
کۆمیتەی رێکخستنی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە ئەمریکا
لقی حەوتی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکاو کەنەدا
بزوتنەوەی گۆران لە ئەمریکا
کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان لقی ئەمریکا
لقی ئەمریکای کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ

شیاوی باسە کە بەشداران بۆ رێزگرتن لە یادوبیرەوەری شەوی یەلداو لە دایک بوونی رێبەری مەزن د. قاسملوو کەیکێکی تایبەتیان ئامادە کردبوو کە داوا لە پێشمەرگەی دێرین کاک سەلاح پیرۆتی کرا کە کەیکی ئەو یادە مەزنە لەت بکات.

بەشی کۆتایی یادی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان بریتی بوو لە خوێندنەوەی هۆنراوە و ئاوازی کوردی و شایی و گۆڤەندی بەشداربووان.