کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی پێشمەرگە لە وڵاتی ئاڵمان بەرز ڕاگیرا

16:45 - 30 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ڕۆژی شەممە ۲۷ی سەرماوەز بە هاوبەشی کۆمیتەکانی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سۆسیالیستی کوردستان یادی ۲٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری فڕانکفۆرت بەرز ڕاگیرا.

سەرەتای ڕێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لە لایەن گرووپی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و دواتر پەیامی هاوبەشی هەردوو کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات و پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە لایەن ئیدریس ڕۆستەمی بەرپرسی بەشی ماڵی کۆمیتە و نەوڕۆز باوەر ئەندامی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و بێژەری پێشووی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بە زاراوەکانی سۆرانی و کورمانجی پێشکەش کرا.

لە سەرەتای پەیامەکەدا ئاوڕێک لە مێژووی ڕۆژی ۲٦ی سەرماوەز و پێویستی دیاری کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان درابوو.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا باس لە هاوخەباتی و هەڵوێستی نەتەوەیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان لە هەمبەر خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرابوو کە: پارتی سۆسیالیستی کوردستان وەک پارتێکی خەباتکاری نەتەوەیی کە لە پێناو دەستەبەر کردنی مافە نەتەوەییەکان و بە پێی ڕێچکە و بنەما نەتەوەییەکانی کۆماری کوردستان پتر لە چوار دەیەیە لە باکووری کوردستان خەبات دەکات هەردەم بەرێزەوە لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و باقی هێما نەتەوەییەکانی ڕوانیوە و بە سونبول و هێمای ڕێگای خەباتی خۆی زانیون کە ئەو سیاسەت و هەڵویستە بەرزانەی پارتی سۆسیالیستی کوردستان هۆکاری سەرەکیی دۆستایەتیی قووڵی نێوان هەردو حیزبە .

لە کۆتایی پەیامی هاوبەشی کومیتەکانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران داوا لەسەرجەم هێزە خەباتکارەکانی گەلی کورد کرابوو کە پێکەوە لە هەر چوارپارچەی کوردستان لەسەر ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ڕێک بکەون.

دوای ئەو پەیامه، پەیامی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن رامیار خادەمی بە نوێنەرایەتی لە یەکیەتی لاوانی دەرەوەی وڵات، پەیامی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن کەژاڵ نەقشبەندی بەرپرسی گشتی یەکیەتی ژنانی دەرەوەی وڵات، پەیامی کۆمکار لە لایەن کاک شەرەف ئاگوڵ ، پەیامی یەکیەتی ژنانی پارتی سۆسیالیستی کوردستان( کۆم ژن) لە لایەن خاتوو زارا و پەیامی پارتی یەکیەتی کورد لە سووریە خوێندرانەوە و هەرکام لە: حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان لە سووریە، اتحاد فدائیان خەلق ایران( کمیتە المان) پەیامی پیڕۆزبایی خۆیان پێشکەش بە بەرێوەبەرانی ڕێورەسمەکە کرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا خاتوونی شاعیر هەوار خزرزادە پارچە هەڵبەستێکی پێشکەش بە گیانی پاکی شەهید د. عەبدولرحمان قاسملوو کرد.

دوابڕگەی ئەم ڕێوڕەسمە بریتی بوو لە گۆڤەند و دیلانی بەشداربووان.

ڕۆژی
ڕۆژی پێشمەرگە لە وڵاتی ئاڵمان بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی
ڕۆژی پێشمەرگە لە وڵاتی ئاڵمان بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی
ڕۆژی پێشمەرگە لە وڵاتی ئاڵمان بەرز ڕاگیرا