• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٨ی ئوتی ٢٠١٧ی زایینی - ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی  

ڕۆژئاوای کوردستان لە بەردەم مەترسیی گەورەدایە

زایینی: ٢١-١٢-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/١٠/٠١ - ١٠:٤٣ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ڕۆژئاوای کوردستان لە بەردەم مەترسیی گەورەدایە
ئەلبۆرز ڕووئین‌تەن

بەرگێکی دیکەی مێژووی پڕ لە قوربانی و چەوساوەیی نەتەوەی کورد، ڕۆژئاوای کوردستانە چوونکە وێڕای خەباتی چەندین ساڵە هەر بە بێ‌مافی و تەنانەت بە بێ‌ ناسنامە و مافی خاوەنداریەتی ماون. یەکەم چریسکای گەیشتن بە مافەکانی دوای ئاڵۆزییەکانی چەند ساڵ پێش ئێستا لە سووریە هاتە ئاراوە.

لاواز بوونی ئەسد وای کرد کە ئەو بەشە لە خاکی کوردستان بکەوێتە ژێر دەستی کورد و هیوایەکی یەکجار زۆر دروست بوو بۆ ئەوەی کە ڕۆژئاوا بەرەو مودێلێکی وەکوو باشووری کوردستان بڕوات، لەوێدا وێڕای دێموکراسی و گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی خۆی، ببێت بە پشتیوانێک بۆ هەموو بەشەکانی تری کوردستان. تەنانەت بە نێوانگیریی سەرکردە سیاسییەکانی باشوری کوردستان هەنگاو بۆ پەیوەندی نێوان پەیەدە و تورکیە بۆ دروست کردنی وەها مودێڵیک هاویشتران و ساڵح موسلیم چەندین سەفەری بۆ تورکیە کرد.

بەڵام هەر زوو دوای بەدەسەڵات گەیشتنی پەیەدە، کورد لە جیاتی ئەوەی نزیک بکەویتەوە، لە خەون و مافەکانی دوورکەوتەوە. چەندین هۆکار هەیە بۆ دوورکەوتنەوەی کورد لە مافەکانی و بگرە ئەزموونی کورد لەو بەشە کەوتۆتە مەترسی. سەرچاوەی هۆکارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ پارتی دەسەڵاتدار کە بەڕێوەبەریی ئەو بەشەی کوردستانی لەئەستۆدایە.

سەرەتا جیا لەوەی کە دەسەڵاتێکی هەمە لایەنەی کوردی دروست بێت، دەسەڵاتێکی تاک لایەنە دروست بوو، کە تێیدا تەنیا ڕێگە بە سیاسەت کردنی ئەو لایەنە درا و تەنانەت چالاکوانانی لایەنەکانی دیکە زیندانی کران کە ژمارەیان کەم نیە و ئێستاش لە زینداندان.

پاشان ئەو مۆدێلەی کە بۆ بەڕێوەبەریی و حوکمڕانی لەو بەشە لە کوردستان لە لایەن تەیاری دەسەڵاتدارەوە هاتە ئارا، مۆدێڵێکی ناڕوونە و قازانجەکانی بۆ دەوڵەتی ناوەندی زیاترە لە خودی کورد، چوونکە داوای قەوارەیەکی سیاسی، مافی نەتەوایەتی، یا دێموکراسییەکی گشتی و یان ئازادی ناکات، بەڵکوو بە ناو خۆسەری دێموکراتیکە، و بە کردەوە هەمان ئیدارەی سووریەی کۆنە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو ئەزمەنە بە تەواوی پشتی بە بلۆکی شیعە بەستووە، پشت بەستن بەو بلۆکە لە بەر هەبوونی دیکتاتۆرەکانی وەک ئێران و سووریە ناتوانێ تا سەر لە خزمەت کورددا بێ، بەڵکوو ئەزموونێکی کورتخایەن لە بەرژەوەندیی ئەو هێزانە دەبێت.

هەر ئەو پشت‌بەستنە کاریگەریی لە سەر باکووری کوردستانیش دانا وبوو بە یەکێک لە هۆکارەکانی لەنێو چوونی پرۆسەی ئاشتی لەو ناوچەیە، چوونکە یەکەمین ساردی کە لە نێوان هەدەپە و ئاکەپە دروست بوو، دەرئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەی باکووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بە دژی تورکیە بوو.

بەو مێژوویە و ئەو ڕووداوانەی ئەو دوایانە وەکوو سووتاندنی ئاڵای کوردستان و وتەکانی ساڵح موسلیم لە پاڕلەمانی ئورووپا کە جەختی لە سەر دژایەتیی ئەوان بۆ دەوڵەت نەتەوە، پەیوەندی بە ڕێژیمی ئەسەد و لێدوانەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئەسەد سەبارەت بە ماف و کانتۆنەکانی کورد، زەنگی مەترسی لە سەر ئەزموونی کورد لەو بەشە لە کوردستان لێدراوە.

لە کاتێکدا کە ئەو مەترسیە هەیە، تەنیا ڕێگەی ڕزگاری یەکێتی و برایەتی هەموو هێز و لایەنەکانە. ئەگەر بێتو دەرگای یەکێتی نەکرێتەوە بۆ بەشداری کردنی هەموو هێز و لایەنەکان لە حوکمڕانی و بڕیارداندا، ئەوا بەرەو هەڵدێرێکی تر دەڕۆین کە تێیدا دیسان تراژێدیای کورد بوون دووبارە دەبێتەوە. لەبیرمان نەچێت کە ئەو دەرفەتە مێژووییە بە یەکڕێزی دەکرێتە مودێڵێک بۆ کۆتایی هێنان بە چەوساوەیی نەتەوەیەکی بێبەش کراو لە مافەکانی.

لە هەمان کاتدا بەڕێوە بردنی حوکمڕانیەکی دێموکراتیک و هەمە ڕەنگ، گارانتی بەردەوامیی ئەزموونی کوردە، چوونکە ئێمە ناتوانین داوای ئازادی بکەین، داوای دێموکراسی بکەین، تەنانەت ناوی مودێلی حوکمڕانی خۆمان خۆسەریی دێموکراتیک بنێین، بەڵام خۆمان دێموکراتیک نەبین نەتوانین بەشداریی لایەنەکان و بێر و ڕای جیاواز تەحەمول بکەین، هەر بۆیەش دەبێ لەو بوارەدا هەنگاوی جیدی بهاوێژرێت ئەگەر نا، ڕۆژگارێکی دیکەی چەوساندنەوەی کورد دووبار دەبێتەوە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧٠٦ لەم ژمارەیەدا:

ــ کوردی نوێنەر، نوێنەری کورد
ــ دۆستی خەباتێک
ــ پیلانی دابڕان لە زمانی کوردی پـــــووچـــەڵــە!
ــ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان لە نێوان
دوو هێزی ناسیۆنالیستیی "ناوەندگەرا" و " ناوەندڕەتێن"