کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە سەرەخۆشیی قوربانیانی کارەساتی بەردەم قەڵادا کرد

21:32 - 1 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: وەفدێکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی شەهیدانی کارەساتی تەقینەوەی بەردەم قەڵا و هەروەها ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییاندا کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، وەفدێکی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی بەڕێز مستەفا هیجری، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی شەهیدانی کارەساتی تەقینەوەکەی شەوی ٣٠ی سەرماوەزدا کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەداخبوونی لەو کارەساتە و هاوخەمیی خۆی بە هاوڕێیانی پێشوو ڕاگەیاند و لە نزیکەوە سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی قوربانیان و شەهیدانی ئەو کارەساتە کرد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١ی بەفرانبار، هەیئەتی دەفتەری سیاسی لە ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ئەو شەهیدانەدا بەشداربوو، کە لە نێو ئاپۆرای جەماوەر و بە بەشداریی هێز و لایەن و کەسایەتیی سیاسیی فراوان، تەرمی ئەو شەهیدانە بەخاک سپێردرا.

جێگای ئاماژەیە کە شەوی ٣٠ی سەرماوەز، کاتژمێر ١٠ی شەو، دوو تەقینەوە لەبەردەم قەڵا، بنکەی هاوڕێیانی پێشوو ڕوویان دا کە لەو کردەوە تێرۆریستیەدا چوار پێشمەرگە و کورێکی بنەماڵەی پێشمەرگەیان شەهید بوو و دوو کارمەندی ئاسایشی کۆیەش شەهید بوون.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوکار و هاوڕێیانی شەهیدان، کۆماری ئیسلامی بە سەرچاوەی ئەو تێرۆرە ناساندبوو و مەحکوومی کردبوو.