کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی یەلدا لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو

22:30 - 1 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: شەوی یەلدا شەوی لەدایکبوونی دوکتور قاسملووی مەزن لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

کاتژمێر ٨ی شەوی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ٨٦ـەمین ساڵی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو ڕێبەری ناوداری کورد، لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لەو شاره بەڕێوە چوو.

مەراسیمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
دواتر لە لایەن تۆفیق کازمی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەخێرهاتنی میوانەکان کرا.

پاشان تاهیر مەحموودی بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە سلێمانی بە بۆنەی شەوی یەلداوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و دواتر بە سەرنجدان بە هاوکاتبوونی شەوی یەلدا لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی نەمر دوکتور قاسملوو، وێڕای ئاماژە بە ڕۆڵ و نەقشی دوکتور قاسملوو لە خەبات بۆ ڕزگاریی گەلی کورد، ئاورێکی لە ژیانی پر بەرهەمی ئەو ڕێبەرە بلیمەتەی گەلەکەمان دایەوە.

هەروەها لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتەوە لەوحێکی ڕێزلێنان پێشکەش به ڕۆخزاد سلێمانپوور کرا.

دواتر بە بۆنەی شەوی لەدایک بوونی مامۆستای دێموکراسییەوە، چەند پارچە شێعر و پەخشان لە لایەن بەشدارانی ڕێوڕەسمەکەوە پێشکەش کران.

ڕێوڕەسمەکە دوای دوو کاتژمێر بە هەڵپەڕکێی میوانەکان لە فەزایەکی شاددا کۆتایی هات.