کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو

20:06 - 2 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی شەوی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات لە لایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەچوو.

شەوی سێ‌شەممە لەسەر چوارشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧١٦ی کوردی، لە لایەن یەکیەتیی لاوانەوە، کاتژمێر ١٩:٣٠ خولەکی ئێوارە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە یادی دوکتور قاسملوو کە خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆی لە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتەوە دەست پێکردووە و هەروەها ڕێزگرتن لە داب و نەریتێکی کۆنی کوردەواری واتە شەوی یەلدا، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە پێشمەرگە، بنەماڵە، میوان و ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات، ڕێوڕەسمی بەشکۆ بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە کورتەباسێک لەسەر مێژوو و داب و نەریتی کۆنی کوردەواری و خەسارناسیی هاتنەئارای تێکنۆلۆژی و دونیای پەیوەندییەکان دەستیپێکرد.

پاشان ڕێزان مەقرووزی ئەندامی ڕاوێژکاری بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان پەیامی یەکیەتیی لاوانی بەو بۆنەیەوە پێشكەش کرد.

دواتر مامۆستا پەرویز ڕەحیم قادر مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، باسێکی لەسەر یادی یەلدا و کەسایەتی دوکتور قاسملوو پێشكەش کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا مۆمی هەشتاوشەش ساڵەی یادی لە‌دایک بوونی دوکتور قاسملوو لە لایەن دارا ناتق و فواد خاکی‌بەیگی دوو سکرتێری پێشووتری یەکیەتیی لاوان، هەڵکرا.

وەک نەریتێکی هەر ساڵە و لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدادا چەند کۆپلە شێعرێکی شاعیران نالی و مەحوی لە لایەن شاعیری کوردستانی ڕۆژهەڵات ناهید حسینی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕسمەدا، هونەرمەندی ناوداری کورد تاهیر خەلیلی لەو بۆنەیەدا بە چەند سروود و گۆرانییەک ڕێوڕەسمەکەی زیاتر ڕازاندەوە.

دواتر شاعێری ڕاسانی ڕۆژهەڵات فەرەیدوون ئەرشەدی یەکێکی دیکە لە بەشدارانی مەڕاسمی شەوی یەلدا بوو کە لە ڕێگەی وایبێرەوە شێعرێکی بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد.

هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەدا لە لایەن یەکیەتیی لاوانەوە بە نیشانەی ڕێز و بەرز نرخاندنی تێکۆشانی ئەو شاعیرە لە ڕاستای بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە فەرەیدوون ئەرشەدی کرا.

دواتر هونەرمەندی پێشمەرگە غوڵام فاتحی لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا بە چەند سروود و گۆرانییەک ڕێوڕەسمی شەوی یەلدای زیاتر ڕازاندەوە.

لە بڕگەکانی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا هەرکام لە خاڵۆ کوردین، زریوە خاکی، سرێوان کرماشانی بە شێعر و پەخشان ڕێوڕەسمەکەیان زیاتر ڕازاندەوە.

بەو هۆیەوە کە شەوی یەلدا ڕێوڕەسمێکی کۆنی کوردەوارییە، بۆ ڕێزگرتن لە داب و نەریت و فولکلۆری کوردی، بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بۆ نمایشی جلوبەرگی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات تەرخان کرابوو و نمایش کران.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا لە لایەن ناوەندی نێرگزەوە دیاری پێشكەش بەو منداڵانە کرا کە ئەمساڵ پێیان ناوەتە قۆناغی خوێندن.

هەنار لە فەرهەنگی کۆنی کوردەواریدا سیمبۆلی شەوی یەڵدایە، وەکوو زیندوو کردنەوەی ئەو سیمبولە، ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەش کردنی هەنار بە میوانانی شەوەکە کۆتایی پێهێنرا.