کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جاڕنامە بۆ مافی هاووڵاتی یان پێشگرتن لە مافەکانیان؟

13:30 - 3 بەفرانبار 2716

بەختیار عوسمانی

جاڕنامەکەی حەسەن رووحانی، سەرکۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێرناوی جاڕنامەی مافەکانی هاووڵاتی، چەند مانگ پێش هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران و دوای ٣ ساڵ لە ڕەشنووسەکەی لە کۆتایی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا راگەیەندرا و رووحانی وەک وەفاداری بە بەشێک لە بەڵێنەکانی پێش هەڵبژاردن، بۆ ئاسایشی وڵات و یەکیەتیی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و پەرەپێدان باسی دەکا.

محەممەد خاتمی لە سه‌رده‌می سەرکۆمارییەکەیدا باسی لە وتووێژی ژیاره‌كان دەکرد و گوێی دنیای ته‌نیبوو، بۆ ماوەیەک خەڵکی ئێران و وڵاتانی دەرەوەی بە وتووێژی ژیاره‌كان و رێفۆرمخوازی سەرقاڵ کرد و خەباتی جیددی بۆ لابردنی دەسەڵاتی ستەمکاری کۆماری ئیسلامیی بەلاڕێدا برد، هەر لە سه‌رده‌می ئەو دروشمە زەق و زەبەلاحانەدا بوو کە خەڵک و خوێندکاران بە خۆێنی خۆیان به‌ندیخانه‌، زانکۆ و شەقامیان سوور کرد، ئەم خوێنانە بەشکیان لە پێناو ئەو دروشمانە بوون. ئێستاش حەسەن رووحانی دوای پەیمان و بەڵێنێکی زۆر بە خەڵکی ئێران و وەدینەهێنانیان، هاتووە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی بۆ نەتەوەی گەورەی ئێران! بڵاو کردوەتەوە. چەند رۆژ پێشتر بوو کە لە چالاکییەکی پرۆپاگەندەیی بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ زانایانی سوننە باسی لەوە کرد کە وەزیر، پارێزگار، بەڕێوەبەری گشتی و ... کەسانی لێهاتوو و شایستە دیاری کردووە.

بەپێی ئەم قسانە بێ سوننە و کوردەکان کەسی لێهاتوویان تێدا نەبووە، هەر وەک چۆن پێشتر وەزیری نێوخۆی دەوڵەتەکەی لە کوردستان بە پانەوە و بە بێ هیچ شەرمێک رایگەیاند کە کەسی شایستە لە ناوچەکەدا بۆ پارێزگاری سنە دەست نەکەوتووە تاكوو دیاری بكرێ. لە کوردستان کەسانی شایستە و لێهاتوو زۆرن، بەڵام ئەوان نابن بە مۆرەی دەستی رێژیم بۆ کوشتنی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران. لەم سەروبەندەدا بە جاڕنامە تەبلیغیەکەی دەیهەوێ سه‌رنجی خەڵک بۆ لای خۆی و حکوومەتەکەیان رابکێشی و چەند ساڵێکی دیکە خەڵک بە رێگای کوێردا رەوانە بکەن.

ناوڕۆکی ئەم جاڕنامە هەموو ئەو دروشم و قسە رۆتینیانەن کە سەرانی کۆماری ئیسلامی لە خۆمەینی(کە رووحانیش ئاماژە بە فەرمانی ٨ مادەیی خومەینی لە سالی١٣٦١ دەکا) و خامنەییەوە بگرە تا سەرکۆمارەکان وفەرماندەکانی پاسدار و مۆرە ئیتلاعاتییەکان بەگشتی گه‌وره‌ و بچووكیان باسی مافی هاوڵاتی، حوکمی ئەڵڵا و... دەکەن و لە یاسای بنەڕەتیشدا ئاماژە بە هیندێک لە مافەکانی هاوڵاتی بەگشتی کراوە، بەڵام لە پاڵ هەر یاسایەک کە ئەگەر تۆزێک بۆ ڕازاندنەوەی یاسای بنەڕەتی دانراوه‌، گەلێک یاسا و ڕێسای چەقبەستوو و دواکەوتوو دانراوە کە سیمای حکوومەتێکی دیکتاتۆر و مافخۆری دروست کردووە، هەروەک تا ئێستا ئەو سیما دزێوەیان بەجوانی پاراستووە.

لەم جاڕنامەدا باسی مافی بەرامبەری هاوڵاتی و کەرامەتی مرۆیی دەکا. ئاماژە بەوە دەکا کە هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی رێژیمدا هەیە، یاسایەک کە پڕە لە کۆت و بەند بۆ زەوتکردنی مافەکانی مرۆڤ. هەر لەو یاسایەدایە کە ژنان وەک نیوەی کۆمەڵ، لە بەڕێوەبردنی وڵات و مافەکانیان بێبەش کراون. جیا لە شیعەی دوازدە ئیمامی هەموو ئایین و ئایینزاکانی دیکە لەلایەن یاسای رێژیمەوە کە رووحانی جاڕنامەکەی بەپێی ئەو دیاریکردووە و سنوورەکەیشی هەر یاسا گشتییەکانیەتی، لە هەموو ماف و ئازادییەکانیان بێبەش کراون. سوننە، یارسان، بەهایی و... پەلامار و سووکایەتییان پێ دەکرێ و گۆشەی به‌ندیخانه‌ بووەتە ئاخرین ماڵی ژیانیان.

نەتەوە بندەست و ستەملێکراوەکان (کورد، تورک، بلوچ، عەرەب و تورکمان)ی ئێران، هەر بەپێی یاسای بنەڕەتی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانیان زەوت کراوە و بەپێی فەرمانی خۆمەینی کە رووحانی لە ئێستادا دەڵێ دەبێ فەرمانەکانی ئیمام! جێبەجێ بکرێ و وەک سەرچاوەیەک بۆ جاڕنامەکەی کەڵکی لێوەرگرتووە، خەڵکی موسڵمانی کورد بە کافر ناسران و جیهادی بە دژیان دەرکرد و بە سەدان هەزار کەسی بێتاوان کوژران. نەتەوە بندەستەکان بەردەوام و بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو لەلایەن حکوومەتەکانی ناوەندەوە بە رێگای سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و كولتووری دەچەوسێندرێنەوە و وەک هاووڵاتیی پلە ٢ و ٣ و سەر بە بێگانە هەڵسووکەوتیان لەگەڵ کراوە. بۆیە لەگەڵ برسیەتی، گرتن، ئیعدام و دەربەدەری بەروڕوو بوون. درۆشمە زەق و بریقەدارەکانی مافی شارۆمەندی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ ئەم نه‌ته‌وه‌ و كه‌مینه‌ ئایینیانه‌ ناگرێتەوە و تەنیا بۆ بەشێکی کەم لە کۆمەڵگا کە پێکهاتەی رێژیم پێکدێنن دەگرێتەوە.

لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە هێندێک خاڵی نوێ و دیار دەکەم کە کۆماری ئیسلامی لەم ماوەدا دژی خەڵکی ئێران و نەتەوە چه‌وساوه‌كان کراوە بۆ ئەوەی زیاتر بێکەڵک بوونی ئەم دەسکەوتەی! رووحانیمان بۆ دەرکەوێ.

بیرۆکەی مافی هاوڵاتی پێشتر بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێن و لێکترازانانە کە تووشی کۆمەڵگای ئێران بووە، یەک لەو کەلێنانە نەتەوە بندەستەکانی ئیرانە کە بە هۆی سیاسەتی سڕینەوە و بێبەشکردنیان لە مافەکانیان لە ناوەند دوور دەکەونەوە و خەباتی جیددیتر بۆ وەدەستهینانی مافەکانیان دەکەن تاكوو شۆناسی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن. حکوومەت لە رێگای دەوڵەتەوە هەوڵ دەدات پێش به‌ رێکخراوتر بوونی ویست و داخوازەکانی نەتەوەکان بگرێ. ئەوان لەمە زەندەقیان چووە و بۆیان دەرکەوتووە بە هه‌ڵاوهه‌نگامه‌ و زمانی خڵه‌تێنه‌ر و زەبروزەنگ ناتوان سەرپۆش لەسەر خەباتی گەلان دابنێن. بۆیە پەنایان بۆ بیرۆکەی مافی هاووڵاتی بردووە کە چەندین ساڵە ئۆپۆزیسیونی سەراسەری لە بەرامبەری فیدرالیزم بۆ نەتەوەکان بەکاریان دەهێنا.

لە جاڕنامەکەدا هاتووە بێرێزی، بە کەم زانین یان پێکهێنانی بێزاری بە نیسبەت قەوم، پێڕەوانی دین، ئایینزاکان و گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی رێگه‌ پێنه‌دراوه‌. تورک و کورد و یارسانەکان گالتەکردنەکانی ده‌زگا راگه‌یه‌نه‌كانی رێژیمیان لەبیر نەچووەتەوە کە چۆن بە بەرچاوی رووحانی و دەوڵەتەکەیه‌وه‌ سووکایەتی بە داب و نەریتییان ده‌کرا و گوێیان بە ناڕەزایەتیی خەڵک نەدا و کەسیان لە دەزگای راگه‌یاندنی حکوومەت بێدەنگ و سه‌ركۆنه‌ نەکرد. لە شوێنێکی دیکەدا باسی ئاسایشی سایبریی هاوڵاتییان دەکات لە کاتێکدا رۆژانە بە سەدان ماڵپەڕ و بە سەدان هەزار تۆڕی کۆمەڵایەتی لە بەکارهێنەرانی فیلتەر و کونترۆڵ دەکرێ، زیندان و دەربەدەری تووشیان دەبێ و بەمشێوە دنیای مەجازیشیان نائەمن کردووە. ئەمەیش لەلایەن حکوومەت و دەوڵەتەکەی رووحانییەوە دەکرێ، وەک ئەوە نە بای دیبێ و نەبۆران سەیرە باسی ئاسایشی سایبری دەکات.

پرسی نەتەوە ستەملێکراوەکان لەم جاڕنامەدا وەک پرسیکی كولتووری چاو لێکراوە و ئاماژە بەوە دەکا جۆراوجۆری و جیاوازییە كولتوورییه‌كانی خەڵکی ئێران وەک بەشێک لە میراتی كولتووری لە چوارچێوەی شۆناسی نەتەوەیی جێگای رێزە. پاشان دەڵێ: هاووڵاتییان مافیان هەیە لە ئیمکاناتی پێویست بۆ بەشداری لە ژیانی كولتووریی خۆی و هاوڕێیەتی لەگەڵ هاووڵاتیانی دیکە بۆ نموونە لە دامەزراندنی رێکخراوەکان، ئەنجوومەنەکان و بەڕێوەبردنی رێورەسمە دینی و قەومی و داب و نەریتە فەرهەنگییەکان بە لەبەرچاوگرتنی یاسا کەڵک وەرگرن. لە جێگایەکی دیکەدا ئیشارە بەوە دەدا کە: لە مافی فێربوون و کەڵکوەرگرتن و خوێندنی زمان و زاراوەی ناوچەیی خۆیان کەڵک وەرگرن. دابەزینی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بۆ مافی فەرهەنگی بۆ خۆی گەورەترین بێرێزی و بەکەم زانینیە کە بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران دەگەڕێتەوە. ئەو مافە کرچ و کاڵەش دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی رەچاوی یاسای کۆماری ئیسلامی و لە چوارچێوە شۆناسی نەتەوەی بێ، واتە هیچ. وەک ئەوەی تا ئێستا هەبووە بە واتایەکی دیکە هەمان سیاسەتی سڕینەوە و ئاسمیلاسیۆنە کە لە رەزا شاوە دەستی پێکردووە و ئێستاش کۆماری ئیسلامی بە زمان و ئاخاوتنێکی جیاواز و شاراوە بەڕێوەی دەبا.

سووتانی لێڕەوار و دارستانەکانی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە چەندین ساڵە بە شێوەیەکی بەربڵاو روودەدا و دەسەڵاتداران هیچ هەوڵێک بۆ پێشگرتن و کۆنترۆڵ کردنی ئەو سووتمانە نادەن و رێگری لە خەڵکیش دەکەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان. لەلایەکی دیکەوە چەندین ساڵە ئاوی رووبار و کانیاوەکانی کوردستان لە رێگای لێدانی کاناڵەکانی سەرزەوی و ژێرزەویه‌وه‌ دەگوێزنەوە بۆ ناوەندی ئێران كه‌ ئەمە بووەتە هۆی تێکدان و شێواندنی کەش و هەوای کوردستان و لە ئاكامدا وشکبوونی گۆلی ورمێ و چه‌ند خه‌ساری دیكه‌ی لێكه‌وهته‌وه‌. بەمشێوەی رووحانی دەیهەوێ ژینگەی بێكێشه‌ دەستەبەر بکا؟

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر وەک چۆن پێشتر لە یاسای بنەڕەتیدا هەموو مافەکانی مرۆڤی لە هاووڵاتیانی ئێران و نەتەوە بندەستەکانی پێشێل و زەوت کردووە به‌م جاڕنامه‌یه‌ش هیچ مافێک بە هاوولاتیان نادا و گۆڕانێكی به‌دی نایه‌ت. هەموو ئەو خاڵانە کە رووحانی لە جاڕنامەکەی باسی پاراستن و بەڕێوەبردنیان دەکا، لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا باس کراوە، بەڵام مالوێرانی، کوشتن و سووتاندن و تێکدانی ئارامیی کۆمەڵگا و دەروونیی خەڵکی به‌دواوه‌ بووە. ناتوانن بەم دروشمانە سیمای کردەوە دزیوەکانیان بشارنەوە یان خەڵک بۆ هەمیشە بەلاڕێدا بەڕن، هەروەک چۆن مێژوو سەلماندوویەتی دیکتاتۆریەت لە هەر رەنگ و شکڵێکدا بێ، چارەنووسی رووخانە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.