کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەوی یەڵدا و ڕۆژی پێشمەرگه لە وڵاتی سوئێد بەرز ڕاگیرا

14:56 - 5 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە شاری کاڵماری سوئێد ڕێوڕەسمێکی بە بۆنەی شەوی یەڵدا و ڕۆژی پێشمەرگە بەڕێوە برد.

سەر لە ئیوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، یەكیەتی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران به هاوكاریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە کاڵمار و یەكیەتیی ژنان ڕێوڕەسمێكی بەشکۆی بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز و شەوی یەڵدا شەوی لەدایکبوونی پێغمبەری ئاشتی دکتور قاسملووی نەمر پێک هێنا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی\'\' ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێكرد.

پاشان پەیامی کۆمیتەی کاڵمار بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە لایەن ئەبوبەکر ڕەحمانیـیەوە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی هاوبەشیی کۆمیتەکانی یەکیەتیی لاوان، ژنان و یەکیەتیی کوردان لە لایەن رەسووڵ ڕەسووڵییە وە پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی پارتی دێموكراتی كوردستان له لایەن کاک مەحموود و پەیامی پارتی یەكیەتیی دێموکراتیكی كورد ـ سووریه له لایەن کاک عارف پێشكەش كران.

لەو مەڕاسمەدا، كورته ڤیدیۆیەک له پێشمەرگەكانی حیزبی دیمۆكرات به ناوی تا ئازادی چی دەبێت با ببێت بڵاو كرایەوه.

لە نێوئاخنی مەڕاسمەکەدا باسێک لەسەر ٢٦ی سەرماەز له لایەن كاوه ئاهەنگەری كه له ڕێگای سكایپەوە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوو، پێشكەش بە بەشداربووان کرا و دواتر ناوبراو وڵامی پرسیاری بەشداربووانی دایەوە.

هەر لە مەڕاسمەکەدا، سروودێكی شۆڕشگێری له لایەن هونەرمەند سەربەرز كوڕی شەهید حوسێن عەلی پوور ناسراو به حەسۆ پێشکەش کرا.

بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان نامەیەک له لایەن پێشمەرگەی دێرین كاک عادڵ دوودكانلوو بۆ ڕێوڕەسمەکە نێردرابوو.

دواتر هەر کام لە بەڕێزان ناسر ئەشرەفی و جەلال ئەلیاسی دوو باسیان لە سەر ڕاسان و ڕێبەری هەمیشه له یاد دوكتور قاسملوو پێشكەش كرد.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و به خوێندنی سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕی له لایەن سەربەرز کۆتایی پێهات.