کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسر ئیرانپوور نووسەر و چالاکی سیاسیی کورد ماڵئاوایی لە ژیان کرد

15:06 - 5 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ناسر ئیرانپوور، نووسەر و چالاکیی سیاسیی کورد بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە مەیدانی خەباتی بۆ خەباتکاران و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی بەجێهێشت.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، ناسر ئێرانپوور، خەڵکی شاری مهابادی کوردستانی ڕۆژهەڵات و نیشتەجێی شاری دورتمۆندی وڵاتی ئاڵمان لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە، کۆچی دوایی کرد.

ئیرانپوور جیا لە بڕوانامەی کارناسی لە بواری ڕۆژنامەوانی و فێرکاریی زمانی ئاڵمانی، خولێکی یەک ساڵەی زمانی ئاڵمانی لە بۆن، خولێکی سێ ساڵەی فیرکاری لە بواری دەفتەرداری لە شاری دۆرن، خولێکی یەک ساڵەی کۆلێژ لە بواری گرمانستیک ـیشی تێپەڕ کردبوو.

ناسر ئێرانپوور لاوێکی ٢١ ساڵان بوو، کە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، زێدی خۆی لە مەهابادەوە بەرەو ئاڵمان بەجێهێشت.

ئێرانپوور، سەبارەت بە هزری سیاسیی تاکەکەسیی خۆی کە بەرهەمی ئەزموون و خوێندن و خوێندنەوەی بووە، وەهای نووسیوە: “کە ئەوانەم زانی، سەرەتا وازم لە ڕێکخراوەکان و هزری سیاسیی سەرانسەری هێنا و ڕێگاچارەم لە تێکەڵ بوون بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا بینییەوە بەڵام زۆری نەخایاند کە ئەو گۆڕەپانەشم هەرچەند پێ هەڵە نەبوو بەڵام بۆ چالاکییەکانی خۆمم بە تەنگەبەر زانی. ئێستا هەوڵەکانی من دوولایەنەن. لایەنێکی بەرەو دەستەبەرکردنی بەرابەریی نەتەوەیی، قەومی، کەلتووری و زمانی لە وڵاتەکەمانە و کۆتایی پێهێنان بە نابەرانبەریگەلی لەرادەبەدەر لە بوارەکان، بۆ نەتەوەکانی ئێران و لایەنێکی تری کە ئەوپەڕنەتەوەیی، ئەوپەڕناوچەییە، سوسیال-دێموکراتیک و سەرانسەرییە. واتا بۆ دەستەبەرکردنی جڤاکێکە بە توخمگەلی سوسیالیستی و دێموکراتیزم لە سەر بنەمای بە فەرمی ناسینی چەند ڕێسای دێموکراسیی فیدرالیزمی و لێک تێگەیشتن، دەوڵەتی یاسایی، دەوڵەتی کۆمەڵایەتی، هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی توخمی دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای ئێرانێکی سێکولار و لائیک.

کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ لە دەستدانی ئەو تێکۆشەرەی گەلی کورد، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان، کۆڕی فەرهەنگی و نووسەرانی دەروەستی کوردستان دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.