کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب لە ناوچەی سەردەشت کۆچی دوایی کرد

14:44 - 13 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب و برای شەهیدێکی سەرفرازی گەل، لە ناوچەی سەردەشت ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، کاک قادر مەولانی کوڕی حەمە درویش و برای شەهید عەزیز مەولانی، خەڵکی گوندی ڕەشە هەرمێی ناوچەی هومڵی سەردەشت، لەتەمەنی ٦٥ ساڵیدا ‌کۆچی دوایی کرد.

کاک قادر مەولانی کە لە کیمیابارانی سەردەشتدا دوو کوڕ و کچێک و هاوسەرەکەی لەدەستدابوو و بە عومەری خاوەری ڕۆژهەڵات ناوبانگی دەرکردبوو، کەسایەتییەکی خۆشناو و جێگەی بڕوای خەڵکی ناوچەکە بوو و وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب بەردەوام چالاکیی هەبووە.

برایەکی کاک قادر بەناوی عەزیز لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی چەکی پیشمەرگایەتی لە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی‌کوردستانی ئێراندا کردە شان و لە هێزی موعینیی ‌ئەوکاتدا سازمان درا و هەتا ساڵی ١٣٦١ لە کێوی قوچی نیزیک گوندی ماراغان لە یەک ڕۆژدا لەگەڵ ١١ هاوسەنگەری دێکەی لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی سپای جەهل و نەزانیدا شەهید بوون.

تەرمی کاک قادر ئێوارەی هەمان ڕوژ لە نێو ئاپۆرای خەڵکی زێدەکەی لەگۆڕستانی ڕەشە هەرمێ بە خاک سپیردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.