کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لاوێکی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بەخشرا

15:29 - 13 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: سەرلەبەیانیی دوێنێ بە هەوڵ و بەدواچوونی کۆمەڵێک لە چالاکان و هاووڵاتییانی شاری سنە لاوێکی ئەو شارە کە لەمێژە حوکمی ئێعدامی لەلایەن دەزگای دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ بڕاوتەوە، لەلایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە بەخشرا.

هێمن هەورامی نژاد تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی شاری سنە کە حەوت ساڵ پێش حوکمی ئێعدامی لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بۆ بڕابوویەوە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ بەفرانبار، گیانی نوێی پێ بەخشرا.

هێمن هەورامی نژاد، بەهۆی شەڕ و کێشە لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بە ناوی پوویا ئەبولقاسمی چەند زەربەیەکی چەقۆی لێدابوو، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاورێکەی.

هەواڵدەریی تابناک کوردستان لەو باریەوە بڵاوی کردەوە کە، هەوڵی چالاکان و هاووڵاتییانی شاری سنە، بنەماڵەی کوژراوەکەیان قەناعەت پێهێناوە لە بەخشینی قاتڵی کوڕەکەیان و بەمشێوەیە هێمن هەورامی نژاد لە مردن ڕزگاری بوو.

دیوانی باڵای ئێران، ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، حوکمی ئیعدامی بە تاوانی کوشتن (قەتڵی بە ئەنقەست)، بۆ هێمن هەورامی نیژاد بڕیبوویەوە.

قەساس لە یاسای حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بۆ سزای کوشتنی بە ئەنقەست لە بەرچاوگیراوە و بەڕێوەبردنی ئەو حوکمە بە مافی خاوەن کوژراوەکە بە ئەژمار دێت و ئەویش سەرپشکە لە جێبەجێکردنی، یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە.

هێمن لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییە و لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا، تەمەنی ١٧ساڵ بووە.

سیمین چایچی چالاکی کۆمەڵایەتی و ئەندامی شۆرای خەڵکی کەمپەینی لێبوردن کە یەکێکە لەو کەسانەی بنەماڵەی کوژراوەکەی بە قەناعەت گەیاندووە لەمبارەوە بە هەرانای گووتووە: ئەمە سێهەمین جارە کە ئێمە توانیومانە ڕەزایەتی لایەنی سکاڵاکەر وەربگرین؛ لەماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەندامانی شۆرا و هەروەها چالاکانی کرێکاری و چالاکانی مەدەنی و کەسانی خاوەن پێگەوجێگەی شاری سنە توانیمان ڕەزایەتی بنەماڵەی ئەبۆلقاسمی وەربگرین.

ئەم بڕیارەی باوکی پویا ئەبۆلقاسمی بووە هۆی شادمانی خەڵکی شاری سنە و بڕیارە ئەمڕۆ خەڵک و چالاکانی مەدەنی لە شوێنی گكڵکۆی پویادا کۆببنەوە و گۆڕەکەی گوڵباران بکەن.