کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتی هۆلەند شەرمەزار کرا

17:01 - 13 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان لە شاری دێنهاخ لە وڵاتی هۆلەند، بە مەبەستی مەحکووم‌کردنی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و دانیشتوانی کورد لە هۆلەند، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدا لە شاری کۆیه، لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری دێنهاخ لە وڵاتی هۆلەند کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا لە لایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە وێڕای خوێندنەوەی پەیامی هاودەردی، بۆ جارێکیتر کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بە گشتی و شەوی یەلدا بە تایبەتی ڕیسوا ومەحکووم کرا.

لەم خۆپیشاندانەدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هۆلەند بەشدار بوون و حەسەن مەجیدی وەک بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە هۆلەند، لە وتارێکدا وێڕای ڕیسواکردنی کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدا سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدانی ئەو کردەوە تێرۆریستییە کرد و باسێکی لە ماهیەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد و ئاماژەی دایە بنیات نرانی ئەو ڕێژیمە سەر بناغەی تێرۆر و ترس و تۆقاندن.

مەجیدی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە؛ ئەگەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامدانی هەندێ کردەوە بە مەبەستی کپ‌کردنی دەنگی مافخوازیی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی وەک پڕکردنی بەندیخانەکان و ئەشکەنجە و سێدارە و تێرۆر سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە پێکاندنی ئامانجی سەرەکی کە کپ‌کردنی دەنگی ئازادیخوازانی کوردستان بووە سەرکەوتوو نەبووه و دەبینین کە تا تەوژمی ترس و تۆقاندنی زۆرتر دەکات، ئازادیخوازانی کورد لە سەر ڕێبازەکەیان سوورتر دەبن.