کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی فینلاند ڕێز له شەهیدانی تەقینەوەی ٣٠ی سەرماوەز گیرا

14:45 - 14 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری تورکوی فینلاند بەشداری لە ڕێوڕەسمی شەهیدانی تەقینەوەی ٣٠ سەرماوەزدا کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەیتکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - کۆمیتەی فینلاند و هەیئەتی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە بەرپرسی کۆمیتەی گشتی عەلی مورادی، مەهتاب مەحموودی بەرپرسی یەکیەتی ژنان و ئەندامانی حیزبی دێموکرات، بە پێشکەش کردنی تاجە گۆڵینە هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەمالەی شەهیدانی تەقینەوەی بەر یەکێک لە مەقەرەکانی هاوڕێیانی پێشوو دەربڕی و ئەو کردەوە تێروریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئیرانیان کە ئامانجی لە ناوبردن و خەفەکردنی دەنگی ڕەوای گەلی کوردە مەحکوم کرد.

ڕۆژی پێنج‌شەممەش ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سەر بانگەوازی کۆمیتەی هاوڕێیانی پێشوو لە ئۆتریش، بە بەشداریی نوێنەری هێز و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، میتینگێک بۆ شەرمەزارکردنی کردەوە تێرۆریستییەکەی ٣٠ی سەرماوەز، لە بەردەرکی سەفارەتی ئێران لە شاری ڤییەن پێکهات و ئەندامانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئۆتریش لە سەر ئەم بانگەوازە بەشداریی میتینگەکەیان کرد.

هەروەها ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بەشداریی نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و دانیشتوانی کورد لە هۆلەند، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی کردەوە تێرۆریستییەکەی شەوی یەلدا لە شاری کۆیه، لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری دێنهاخ لە وڵاتی هۆلەند کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوە چوو کە تێیدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هۆلەند بەشدار بوون.