کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەماوەری ڕاسان

00:37 - 16 بەفرانبار 2716

کەریم پەرویزی

ڕاسانی ڕۆژهەڵات، قۆناغی نوێ و فەسڵێکی دیکە لە کتێبی پڕلاپەڕە و پاژی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە دەیان ساڵە دژ بە ستەمکاری و بۆ سەلماندنی ئیرادەی نەتەوەیی و مرۆیی خۆیان تێ دەکۆشن و قوربانی دەدەن و شانازی تۆمار دەکەن و حەماسە دەخولقێنن.

ئەم فەسڵە لە کتێبی خەبات لە پێناوی ئازادیدا، فەسڵێکی ئەستەم و دژوار و لە هەمان کاتدا فەسڵێکی پڕ لە ڕووداو و دیاردە و ڕەمز و ڕازی نوێیە و پێویستی و دەرەتان و هەڕەشەی نوێی لەگەڵە. خەباتی کورد و کوردستان لە پێناوی ئازادیدا و بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی نەتەوەیی و کۆمەڵگایەیکی ئازاد و گەشەکردوو، خەباتێکی تاک ڕەهەندی و لە پێناوی بەرژەوەندیی تاکە چین و گرووپێکدا نیە. خەباتێکی کاتی و لە قۆناغێکی زەمەنیی تایبەتیشدا نیە کە گرێدراوی دۆخێکی تایبەتی ناوچەیی و دەوروبەر بێ و کە کات تێپەڕی ئیدی ئاسەوارێک لە کەفوکوڵی نەمێنێ و ببێ بە ئاردی نێو دڕک!

خەباتی نەتەوەیەکە کە مافی لێ زەوت کراوە و نەتەوەیەکە کە دەیەوێ وەکوو هەموو نەتەوەکانی دیکەی جیهان لە پەنا ئەواندا بە یەکسانی و بە ئازادی بژیت.

ئازادییش تەنیا ئازادیی سیاسیی تاک ناگرێتیەوە، بەڵکوو قووڵتر لەوە؛ مانای ئیرادەی ئازادی ژیان و بڕیار دەدا کە چ وەک تاک و چ وەک گرووپ و چ وەک چین و توێژ و لە هەموویان گەورەتر، نەتەوەیەک مافی جەوهەرییان هەیە کە ئازاد بژین و بوونیان لە سەر خاکی خۆیان بە خەیاڵ و ناسنامە و ئیرادەی خۆیانەوە بسەلمێنن و بنەخشێنن.

خەباتێک وەها درێژمەودا و پڕ نێوەڕۆک و بە چاو لە ئاسۆیەکی گەش و دوور و ڕوونەوە، تەنیا لە سەر شانی گرووپێک و چینێک نیە. خەبات بۆ بەرژەوەندی و ویستەکانی گرووپێکی تایبەتیش نیە، لە کۆتاییدا خەباتێکە کە هەموومان وەکوو مرۆڤی ئازاد و شایی بەخۆ و یەکسان، لە نیشتمانێکی گەشاوە و ئازاددا پێکەوە بژین.

لێرەدایە کە دەگەین بەو ئەساس و بنەمایەی کە ڕاسانی ڕۆژهەڵات کە بە ئەزموون لە فەسڵەکانی پێشووی کتێبی خەبات لە پێناوی ئازادیدا و بە چاو لە وەرزەکانی داهاتوو دەیەوێ بە ورە و هێزی کاریگەرەوە پێشڤەچێ، دەبێ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بگرێتە خۆ. لەم خەباتەدا جەماوەری کوردستان کە هێز و ئیرادە و سەرچاوەی بڕوای ڕاستەقینەی خەباتن، بە هەمە لایەنە تێیدا بەشدار بن و هەر گرووپ و چین و توێژێک بە شێواز و بە ڕێگای بەردەست و بە هەزینەدان لە پێناوی ئازادیدا ئەرک وەئەستۆ بگرن و مۆرکی خۆیان لە خەباتەکە بدەن و بەم شێوەیە هەموو کۆمەڵگای کوردستان پێکەوە و وەکوو نەتەوەیەکی ماف لێ زەوت کراو و خاوەن ئیرادەی خەباتکارانە بەرەوڕووی دوژمن ببنەوە و شار و شاخ بە مانا ڕاستەقینەکەی و پێکەوە ئەم دێڕانەی مێژووی خەبات بنووسنەوە.

جەماوەری ڕاسان بریتیە لە هەموو تاک و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان. جەماوەری ڕاسان خاوەن پیشە و ئەندازیار و نووسەر و هونەرمەند و ژنان و لاوان و خوێندکاران و بازرگانان و کرێکاران و وەرزێر و جووتیار و باخەوان و دووکاندار و کارمەند و ڕووناکبیر و مامۆستایانی ئایینی و ...و هەموو ئەوانەن کە لە کوردستاندا سووکایەتی بە ناسنامەی نەتەوەییان کراوە و دڵیان بۆ ئازادی و بەختەوەری لێ دەدا.