کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعید لەیلاز: ئێران مەترسیی داڕمانی لەسەرە

15:10 - 16 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: سەعید لەیلاز، ئابووریناس، وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران باسی لە پیربوونی حەشیمەتی ئەم وڵاتە کرد و وتی: ئێران مەترسیی داڕمان و لەنێوچوونی لەسەرە.

ڕادیۆ فەڕانسە بڵاوی کردەوە؛ سەعید لەیلاز وتوویەتی: حەشیمەتی ئێران هاوکات لەگەڵ پیربوون هەژارتریش بووە و ئەم دوو فاکتە دەبنە هۆی ئەوەیکە لە داهاتوودا مەترسییەکی گەورە یەخەی ئەم وڵاتە بگرێتەوە کە بریتییە لە داڕمان و لەنێوچوونی.

بە وتەی ناوبراو دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەستێوەردانیان لە سندووقی خانەنشین کراوان کردووە، کە ئەمە خۆی ئاکامی نەبوونی دێموکراسی و دەستێوەردانی دەوڵەت لە بیاڤی ئابوورییدایە.

ئەم ئابووریناسە لە پەراوێزی قسەکانیدا نموونەیەکی مێژووییش دەهێنێتەوە و دەڵێ: یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو گرینگی نەدان بە بارودۆخی سندووقەکانی خانەنشینی لەم وڵاتە بوو، کە بەوتەی ناوبراو بەهۆی گرینگی نەدانەکانیان لە ساڵی ١٩٨٥ و پێنج ساڵ پاش ڕووخانی سۆڤییەت، ڕێژەی خانەنشین کراوانی ئەم وڵاتە لە ڕێژەی حەشیمەتی خاوەن کار زیاتر بوو؛ ئەمەش بووە هۆی مایەپووچ بوونی سندووقەکانی خانەنشینی.

لەیلاز دەڵێ: لە ئێراندا نەتەنیا ڕێژەی خانەنشین کراوان بەبەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کار دەکەن زیاترە، بەڵکوو زۆربەی هەرەزۆری سندووقەکانی خانەنشینیش مایەپوچ بوون و دەوڵەتیش بڕی ١٢٠ هەزار میلیارد تمەن قەرزداری دەزگای دابین کردنی کۆمەڵایەتی (تامین اجتماعی)یە و ناتوانێ قەرزەکانی خۆی بداتەوە.

ئەم کارناسەی بواری ئابووری هەروەها دەڵێ: دەوڵەت هەوڵی داوە لە چوارچێوەی گەڵاڵەیەکدا بەناوی گەڵاڵەی سڵامەت سندوقی دەزگای دابین کردنی کۆمەڵایەتی و سندوقەکانی دیکەی خانەنشینی ئاوێتەی یەکتر بکات، تاکوو لەم ڕێگەوە پێش بە داڕمانی وڵات بگرێت، بەڵام ئەمە ڕێکارێکی نازانستیانەیە و بەپیچەوانەوە ڕەوت و خێرایی داڕمانی ئێران زیاتر دەکات.