کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پشتیوانی لە هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی خەڵکی کوردستان دەکات

16:36 - 16 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: چالاکانی مەدەنی و خەڵکی کوردستان بە وەڕێخستنی کەمپەینی جارێکی تر بەرانبەر بە ئێعدام دەڵێن:نا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چالاکان و هاووڵاتیانی کورد لە شاری سنە توانییان بنەماڵەی سکاڵاکەر لەدژی هێمن هەورامی نژادی ٢٢ ساڵە ڕازی بکەن کە لە بکوژی کوڕەکەیان خۆش بن.

ئەم هەوڵە ئاشتیخوازانە پاش بەدواداچوون و نێونجیگەری کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی ئەم شارە هاتە ئاراوە و لە کۆتاییدا بنەماڵەی پویا ئەبولقاسمی چاوپۆشییان لە حوکمی قەساسی کوڕەکەیان کرد.

هێمن هەورامی نژاد ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی و لە تەمەنی خوار ١٨ ساڵدا تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو بوو کە بەهۆیەوە هاوڕێکەی خۆی کوشت و دەزگای دادی ڕێژیم بە تۆمەتی قەتڵی بەئەنقەست حوکمی قەساسی بۆ دەرکرد.

لەلایەکی دیکەشەوە چالاکانی مەدەنی لە ڕوانسەر بە وەڕێخستنی کەمپەینێک لە ژێرناوی لێبووردن خوازیاری کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی ئەم شارە لەبەردەم ماڵی ئۆمید مۆرادی بوون، تاکوو داوا لە بنەماڵەی ناوبراو بکەن حوکمی ئێعدامی بکوژی کوڕەکەیان هەڵبوەشێننەوە.

بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپەینە کە بە دروشمی بە قەساسی عادڵ، ئۆمید زیندوو نابێتەوە چالاکییەکانی خۆیان دەست پێکرد، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ڕوانسەر بانگهێشت کران و بەشێوەی نووسراو بەڵێنیان لێ وەرگرتوون کە خۆیان لە هەرچەشنە کۆبوونەوەیەکی لەم چەشنە ببوێرن.

هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ڕوانسەر سەبارەت بە کەمپەینی لیبوردن ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردۆتەوە.

ئەم هەوڵە ئاشتیخوازانە کە لەگەڵ پێشوازیی گەرموگوڕی چین و تویژە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەرەوڕوو بووەتەوە، گوتاری فەرمیی ڕێژیمی ئێرانی کە بریتییە لە ئێعدام پاژێکی جیانەکراوە لە شوناسەکەی، تووشی قەیران کردووە و نوێنەرایەتی گوتاری نا بۆ سێدارە دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پێشوازی کردن لە هەوڵی ئاشتیخوازانەی خەڵکی کوردستان، پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆی لە وەها هەوڵگەلێک ڕادەگەیەنێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیدا کەرامەتی مرۆڤی وەکوو گرینگترین بایەخی ژیان بە ئەژمار دێنێت کە لە مەنشووری جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا پەسند کراوە و وەکوو بناغەی ئازادی، یەکسانی و ئاشتی لە جیهان پێداگریی لەسەر کراوە.

لەم پێوەندییەدا کەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکرات دەڵێ: ژیانی ئاشتییانە و مرۆڤانە لە کۆمەڵگە، یەکێک لە بنەما و خواستە بنەڕەتییەکانی خەباتی ئازادیخوازانەی حیزبی دێموکراتە و ئێمە پیشوازی لە وەها هەوڵ و تێکۆشانێک دەکەین کە دەبێتە هۆی تلۆرانس لە کۆمەڵگادا و خوازیاری بەهێزکردن و پەرەدان بە وەها بیرکردنەوەگەلێکین.

ئەم ئەندامەی دەفتەری سیاسی حیزب هەروەها وتی: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە بەردەوامیی خۆی لە پەرەدان بە توندوتیژی و زاڵ کردنی گوتاری خۆی لە بەرامبەر خوێن و متمانەی کۆمەڵایەتیدا دەبینێت، لە پێش چاوی بیروڕای گشتی حوکمی سێدارە بەڕێوە دەبات و هەڕەشە لە ئاشتیخوازان دەکات کە دەیانگرێت و ئەشکەنجەیان دەدات. پشتیوانی کردن لە هەڵوەشانەوەی ئێعدام و پەرەدان بە ڕۆحی لێبووردن و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە، خەباتە لەدژی بنەما فکرییەکانی کۆماری تێرۆر و تۆقاندنی ئیسلامی.