کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. نەجمەدین کەریم لەگەڵ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات دیداری کرد

15:15 - 17 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: دوکتور نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٦/١٠/١٣٩٥ی هەتاوی، بەڕێز دوکتور. نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن بەڕێز سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزبەوە بە گەرمی پێشوازی کرا.

لەم سەردانە دۆستانەیەدا باسێکی سیاسی لەسەر ڕەوشی کورد بەگشتی و سیاسەتی هاوپەیمانەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕوانینیان بەرانبەر بە پرسی کورد و ئەو ئاستەنگانەی لەسەر بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد هەیە باس کرا. لەم دیدار و ڕاگۆڕینەوەیەدا ئاماژە بەوە کرا کە؛ هەر کاتێک حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد یەکگرتووانە بەرەوپیری ڕووداوە سیاسییەکان ڕۆیشتوون، شوێندانەریی ئەرێنی هەبووە لەسەر بزووتنەوەی نیشتمانیی گەلی کورد و بەپێچەوانەکەیشی دەرفەتی بە دوژمنان و نەیارانی کورد داوە سیاسەتە دژی گەلییەکانیان بکەنە گوشار لەسەر خەباتی کورد و تێکۆشانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، و جەخت لەوە کرایەوە کە؛ ئەم ئەزموونە سیاسییە ئەو ئەرکەمان دەخاتە سەرشان کە ڕێگای یەکیەتی و یەکڕیزی بگرێنە بەر و ئەم سیاسەتەیش بە ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانمان دەگەیەنێ. لە کۆتایی ئەم دیدارەدا هەردوو لایەن پێداگرییان لەسەر پەیوەندیی دۆستانەیان کردەوە.