کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی بێدەنگەکان لە مانگرتنەکەی بەردەوامە

15:37 - 17 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: سەعید شێرزاد ئەو زیندانییە سیاسییەی زیاتر لە چوار حەوتووە لێوی خۆی دووریوە و مانی لە خواردن گرتووە، لە وەڵامی داخوازی شکاندنی مانگرتنەکەی لە لایان کەسوکاری زیندانیانی سیاسییەوە گوتوویە: ئیزنم بدەن لەبەر دەنگی بێدەنگانی نێو بەندەکان، لەم مانگرتنە بەردەوام بم!.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، ١٤ زیندانیی بەندی ٤ ی ساڵۆنی ١٢ی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج و لە زیندانیانی هاوبەندی سەعید شێرزاد، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی خەڵکی کرماشان کە بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین لە دۆخی نالەبار و ناستانداردی نێو زیندانەکان زیاتر لە مانگێکە لێوی خۆی دووریوە و مانی لە خواردن گرتووە، لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتگیرییان لە داخوازەکانی ناوبراو کردووە و داخوازاکانیان بە سینفی و یاسایی لەقەڵەم داوە.

هاوبەندییەکانی سەعید شێرزاد لەو ڕاگەیەندراوەدا باسیان لەوە کردووە کە؛ بەڕیوەبەرایەتی زیندان، ڕێکخراوی زیندانەکان و دادستانیی تاران، داخوازە سینفییەکانیان پشتگوێ دەخەن و جەختیان لە سینفی و یاسایی بوونی داخوازەکانی سەعید شێرزاد کردۆتەوە و دەنگی خۆیان داوەتە پاڵ دەنگی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگرتووە.

سەعید شێرزاد، چالاکی سیاسی و ئەندامی کانوونی داکۆکی لە منداڵانی کار و سەرشەقام، زیاتر لە مانگێکە لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایی لە دۆخی ناستاندارد و هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان لێوی خۆی دووریوە و مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو گوتوویە: ئەمەم کردووە بۆ ئەو ئازیزانەی کە لەم ڕۆژانەدا گیانیان لە مەترسیدایە و دەنگیان ناگاتە گوێی هیچکەس، دەنگی لێدان و کوشتوبڕ، سووکایەتییەکان، سەرکوتەکان و مەرگە بێدەنگەکان لە زیندان.

ناوبراو ئاماژەی بە سووکایەتی مەئموورەکانی زیندان بە بنەماڵەی زیندانییەکان، دەستبەسەرکردنی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، کوشتوبڕی زیندانییەکان و بێبەش کردنیان لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی کردووە.

شایانی باسە کە؛ لە ساڵۆنی ١٢ و بەندی ٤ی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج، زیاتر لە ٦٠ زیندانیی سیاسی ڕاگیراون کە لەو ڕێژەیە، ٢٠ کەسیان تاوانی محاربە واتە دژایەتی لەگەڵ خودا دراوەتە پاڵیان و سزای قورسی ئێعدام یان زیندانی درێژ ماوەیان بەسەردا سەپاوە.

سەعید شێرزاد تەمەنی ٢٨ ساڵە و لە ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٣دا دەستبەسەر کراوە و زیاتر لە ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا ڕاگیراوە. ناوبراو لە خەرمانانی ١٣٩٤دا لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشدا دادگایی کرا و بە تۆمەتی کۆبوونەوە و دەستتێکەڵ کردن بە نیەتی کردەوە لەدژی تەناهیی وڵات سزای پێنج ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپا.