کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری نەغەدە

17:01 - 17 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ئەندامێکی دێرین و برای شه‌هیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری نەغەدە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕەحمان خزرزادە ناسراو بە میرزا ڕەحمان ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و برای شەهید جەلیل خزرزادە کە لە ساڵی ١٣٦٠ دا تێکەڵ بە کاروانی سەربەرزی شەهیدان بووە، لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشینی شێرپەنجەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ڕەحمان خزرزادە مامۆستای قوتابخانە و کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری شاری نەغەدە بوو. میرزا ڕەحمان خزرزادە وەکوو مامۆستایەکی قوتابخانە بەوپەڕی دەروەستییەوە لە گوندەکانی داشکەسەن، کانی مام سیدە، بگم قەڵا و خەلیفان وانەی گوتووەتەوە.

ناوبراو ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە تاوانی هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کرا و پاش ئازاد بوونی لەکارەکەی لابرا و بێکاریان کرد.

ڕەحمان خزرزادە کەسایەتیەکی فەرهنگیی شاری نەغەدە بوو و لە نێو خەڵکدا ڕێزی تایبەتی هەبوو. ناوبراو تا دوا کاتەکانی ژیانی وەفادار بە حیزبەکەی مایەوە و ڕۆژی دووشەممە لە نێو ئاپۆرای خەڵکدا لە گوندی خەلیفان سەر بە شارستانی نەغەدە ئەسپەردەی خاک کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆی له بنه‌ماڵه و خزم و که‌سوکاری ناوبراو ده‌کات و خۆی به شه‌ریکی خه‌میان ده‌زانێت.