کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سندووقە ڕەشەکەی ڕێژیم مرد + تەکمیلی

15:16 - 20 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: عەلی‌ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی یەکێک لە گەوره بەرپرسانی خوێنڕێژی ڕێژیمی ئێران و تێرۆریستی نێودەوڵەتی، لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا مرد.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردەوە کە؛ عەلی‌ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران بە هۆی ڕاوەستانی دڵیەوە مرد.

ئەکبەر هاشمیی بێهرەمانی، ناسراو بە عەلی‌ئەکبەر ھاشمیی ڕەفسەنجانی، ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣١٣ی هەتاوی لە شاری ڕەفسەنجان سەر بە پارێزگای کرمان لەدایک بووە، ناوبراو کەسایەتی ئایینی و سیاسەتمەداری ڕێژیمی ئێران بوو کە بە ناسنامەی ڕێژیمی ئێران ناوبانگی هەبوو.

ئەو تێرۆریستە بەناوبانگە لە کاتی زیندووبوونیدا دوو جار سەرۆک کۆماریی ڕێژیمی ئێرانی بە دەستەوە بووە و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆیدا گەورەترین جینایەت و تێرۆری لە جیهاندا بە تایبەت دژی نەتەوەی کورد ئەنجام دا.

ناوبراو یەکەمین سەرۆک مەجلیس و چوارەمین سەرکۆمار و دووهەمین سەرۆکی مەجلیسی خیبرەگانی ڕێژیمی ویلایەتی بوو کە بە یەکێک لە نیزیکترینەکانی خومەینی دەناسرا؛ لە هەمان کاتیشدا ناوبراو بە یەکێک لە سەرۆک باندە پڕمەترسییەکانی قاچاخ و تاڵانی ئاسەوارە مێژووییەکان لە ئێران دەناسرا.

لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، بۆ چوارەمین جار خۆی بۆ بەناو هەڵبژاردنی سەرکۆماری پاڵاوت، بەڵام لەلایەن شۆرای نیگابانەوە ڕەدی شیاوی کرا.

ڕەفسەنجانی باوکی تێرۆریزم، لە ماوەی شەڕی ٨ ساڵەی عێراق و ئێراندا، یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بوو و دەیان هەزار کەس لە بەرەکانی شەڕی زێدەخوازیی ڕێژیم بە بڕیاری ناوبراو کوژران.

عەلی‌ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی، یەکێک لەو بەرپرسە جەللادانەی ڕێژیمی ئێران بوو کە دەستی لە بەرنامەداڕێژیی تێرۆری ڕێبەرانی گەلی کورد وەک دوکتور سادق شەرەفکەندی و و دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوودا هەبووە و لە لایەن دادگای ئاڵمانەوە بە ئەنجامدانی تێرۆری نێودەوڵەتی ناسێندرا و لە لایەن پۆلیسی ئینتێرپۆلەوە داوای دەستبەسەرکرانی کرابوو.

ڕەفسەنجانی هەروەها لە چەندین تێرۆری نێودەوڵەتی وەک پەروەندەی ئامیادا دەستی هەبووە.

ئەو تێرۆیستە بەناوبانگە لە کوشتنی جیابیران، ئێعدامی بە کۆمەڵ و دەیان کردەوەی تێرۆریستی و جینایەتکارانەدا دەستی هەبووە.

پاش مردنی ئەم زاتە پۆخڵەی ڕێژیم، کۆمەڵێک لێدوانی دژبەیەک لەلایەن کەسانی نیزیک لە ناوبراو و بەرپرسانی حکومەتییەوە بڵاو کراوەتەوە کە گومانەکان لە سەر مردنی ئاسایی ڕەفسەنجانی زیاتر دەکەن؛ وەزیری لەش ساخیی ڕێژیم پاش ڕاگەیاندنی هەواڵی مردنی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند: ئەوەندەی کە پێویست بووە کار بۆ چارەسەری نەکراوە و کەمتەرخەمی کراوە.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی نافەرمییش، کاتێک کوڕەکەی ڕەفسەنجانی لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ نەخۆشخانەی تەجریش گوازراوەتەوە، پاش دابەزین لە ماشینی هێزی ئینتزامی و لە نێو خەڵکی بەردەم نەخۆشخانەکەدا هاواری کردووە و وتوویەتی، باوکمیان کوشت!.

هەندێک لە چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە کە مردنی ڕەفسەنجانی لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە بەرەبەرە لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ڕۆحانی نیزیک دەبینەوە، مردنێکی ئاسایی نییە و بەپێی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئەگەری مردنی نائاساییش لەگۆڕێدایە.

خوشحاڵیی خەڵک لە مردنی ڕەفسەنجانی

بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی ڕەفسەنجانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕەنگی داوەتەوە، کە لە زۆربەیاندا خوشحاڵیی جەماوەر بەرچاوە؛ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووکدا هاووڵاتییان بە دانانی وێنەی سەرەوخواری ڕەفسەنجانی و دانانی ستاتوسی وەک : یاخوا بەخێر بێی ساڵی ٢٠١٧!، تێرۆریستان دەمرن هیوادارم تێرۆریش دەگەڵیان بچێتە بن گڵ، ڕەفسەنجانیش بە بێ دادگایی کران مرد، کۆسە خوێن مژەکە تۆپی، سه‌رده‌می ڕاسانی گه‌ل و نخرۆبوونی تێرۆریستان، سندووقە ڕەشەکەی نیزامی ویلایی فت بوو، مەرگی دیكتاتۆرێك چەند خۆشە و دەیانی دیکەی لەم چەشنە خوشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە.

لەهەندێک حاڵەتیشدا بە دانانی گۆرانی و فیلمی شاد و هەڵپەڕکێ هەڵوێستی خۆیان پیشان داوە کە جێگەی تێڕامانە.