کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشکەشیی ڕۆحانی لە ساڵی ٢٠١٦دا بۆ نەتەوەی کورد و کۆڵبەران

16:24 - 20 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە پێشێل کردنی مافی کۆڵبەرانی کورد لە سەر سنوورەکان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە کە؛ لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ی زایینی تاکوو کۆتایی ساڵ،١٠١ کۆڵبەری کورد بە تاوانی کۆڵبەری کردن لەسەر سنوورەکان بۆ بژیوی ژیانیان، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە کەوتوونەتە بەر هێرشی دڕندانە یان بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانەوە، بریندار و تەنانەت گیانیشیان لەدەست داوە.

ئەم کردەوانە لە کاتێکدایە کە دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان، بە هۆی نەبوونی کار و بۆ بژیوی ژیانیان، بە ناچار ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە و هەر بەم هۆیەشەوە بوونەتە ئامانجی گوللەی هێزەکانی ڕێژیم، بەڵام کارناسانی مافی مرۆڤ لەسەر ئەو باوەڕەن کە؛ بە پێی یاسای بەکارهێنانی چەک، پەلاماردانی کۆڵبەران بە گوللە، پێشێل کردنی یاسا بە ئەژمار دێت.

بەپێی مادەی٣ی یاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، تەنیا کاتێک هێزە ئینتزامییەکان دەتوانن چەک بەکار بهێنن کە گیانیان لە مەترسیدا بێت، یان تاوانبار بە مەبەستی کوشتن، بە ڕەوڕووی هێزەکانی ئینتزامی ڕێژیم ببێتەوە، بەڵام ‌هەر لەو مادەیەدە باس لەوەش دەکات کە؛ هێزە ئینتزامییەکان بە هێچ شێوەیەک بۆیان نییە یەکەم جار تەقەی ڕاستەۆخۆ لە کەسێک یان کەسانێک بکەن، کردەوەیەک کە بە دەیان جار لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دووپات بووەتەوە.

هەروەها ئەم ناوەندە باس لەوەش دەکات کە، هێرش بردن بۆسەر کۆڵبەران و لێدان و بێڕێزی کردن بە کۆڵبەران لە کاتێکدا لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام بووە کە ئێران، بە ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤ لەگەڵ پەیمانی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کۆلتووری و مافی شارۆمەندی و سیاسی، کە یەکێک لە گرینگترین بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ پێک‌دێنێت، دەنگی ئەرێنیی داوە.

زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی کە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون خاوەنی ژن و منداڵ بوون و بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەیان ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری و لە کۆتاێشدا گیانیان لەدەست داوە.

ئەم کردەوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لەوە دەکات کە؛ هیچ بەڵگە و یاسایەک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بایەخی نییە و بۆ زوڵم و زۆر و گرتنی گیانی خەڵکی کورد لەهیچ کردەوەیەک درێغ ناکات.