کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بان کی مۆن: ڕێژیمی ئێران گەمارۆی چەکوچۆڵی پێشێل کردووە

16:27 - 20 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە بۆ شۆڕای ئەمنییەتی ناردووە نیگەرانیی خۆی لە پێشێل کردنی گەمارۆی چەکوچۆڵ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەربڕیوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا بڵاوی کردووەتەوە کە؛ بان کی مۆن، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە بۆ شۆڕای ئەمنییەتی ناردووە نیگەرانیی خۆی لە پێشێل کردنی گەمارۆی چەکوچۆڵ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و هەروەها دانین کردنی کەرەستەی شەڕ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەربڕیوە.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لە ڕاپۆرتی وڵاتی فەڕانسە کراوە کە ڕایگەیاندبوو؛ ئەو پاپۆڕەی لە باکووری ئۆقیانووسی هێند دەستی بەسەردا گیراوە، چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێرانی تێدایه کە بۆ یەمەن یا سومالی بەڕێ کراوە.

ئەو پاپۆڕەی ڕێژیمی ئێران مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە لایەن سەربازەکانی فەڕانسەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

بان کی مۆن دوو ڕۆژ پێش ئەوەیکە ئەو ڕاپۆرتە بدات بە ئانتۆنیۆ گوترش، ڕادەستی شووڕای ئەمنییەتی کردووە.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ڕاپۆرتەدا باس لە قسەکانی حەسەن نەسروڵڵا دەکات کە ناوبراو هاوینی ئەمساڵ ڕایگەیاند؛ تێچوو و چەکوچۆڵی ئەو گرووپه لە لایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت.

هەیئەتی نوێنەرایەتی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژکردەوەی بەو ڕاپۆرتە نیشان داوە و ئەوەش له‌کاتێکدایه کە ئەو ڕاپۆرته ڕێکەوتی ١٨ی ئەم مانگه لە شۆڕای ئەمنییەت تاوتوێ دەکرێت.

شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە بە بەردەوامی بەهۆی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی یەمەن، سووریە، عێراق و لوبنان و پشتیوانیی ماددی و چەکوچۆڵ لە گرووپە توندئاژۆ و تێرۆریستییەکان، بە توندی مەحکووم دەکرێت.