کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەییش خۆی تێكەڵ بە شەڕەدندووكەی لاریجانی و ڕۆحانی كرد

16:29 - 20 بەفرانبار 2716

كوردستان میدیا: عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی، لە شەڕەدندووكەی نێوان سەرۆكی دەزگای قەزایی و سەركۆماری ڕێژیمدا لایەنگری لە دەزگای قەزایی دەكات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەكانی ڕێژیمی ئێران، خامنەیی ڕۆژی یەكشەممە ١٩ی بەفرانبار سەبارەت بە ناكۆكییەكانی ئەم دواییانەی نێوان حەسەن ڕۆحانی سەركۆمار و سادق لاریجانی سەرۆكی دەزگای قەزایی ڕێژیم ڕایگەیاند: هەموان دەبێ بەرانبەر بە بوونی دەسەڵاتێكی دادوەریی سەربەخۆ و بوێر، ئەمەگناس بن. ئەو لێدوانانە دەتوانن لە بەرانبەر ڕۆحانیدا بە قازانجی لاریجانی بشكێنەوە.

دوابەدوای لێدوانەكانی ئەم دواییانەی ڕۆحانی سەبارەت بە حسێبە بانكییە خەیاڵییەكان و ئاماژەكانی ناوبراو بە دەزگای قەزایی، سادق لاریجانی لە وەڵامدا پەردەی لە سەر یارمەتییەكانی بابەك زەنجانی بە كەمپەینی هەڵبژاردنی ڕۆحانی لە ساڵی ١٣٩٢دا لادابوو و چۆنیەتیی خەرجكردنی بوودجەی دامەزراوەی سەركۆماریی بردبووەوە ژێر پرسیار.

كاردانەوەی ڕۆحانی بۆ ئەو لێدوانەش زۆر توند بوو، بە جۆرێك كە ناوبراو ڕایگەیاند حكوومەت ئامادەیە بە دانانی سیستمێك، تەواوی داهات و خەرج و حسێبە بانكییەكانی خۆی ئاشكرا بكات و لە بەرانبەردا چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە كە دەزگای قەزاییش حسێبە بانكییەكانی خۆی ئاشكرا بكات.

وتەكانی ڕۆحانی لە لایەن دەزگایی قەزاییەوە بێ وەڵام نەمایەوە و ئەم جارەش دوو بەرپرسی باڵای ئەو دەزگایە بەرپەرچیان دایەوە.

موحسنیی ئیژەیی بۆ جارێكی دیكە كەمپەینی هەڵبژاردنی ڕۆحانی بە وەرگرتنی یارمەتی لە بابەك زەنجانی و سەرچاوە ماڵییە كێشەدارەكان تۆمەتبار كرد و داوای كرد ڕۆحانی بە بێ دانانی مەرج، خەرج و داهاتەكانی حكوومەت ئاشكرا بكات. هەروەها دادستانی گشتیی ڕێژیمیش ڕایگەیاند: حسێبە بانكییەكانی دەزگای قەزایی، پارەی حكوومەت نین كە حكوومەت بتوانێ لێپێچینەوەیان لە سەر بكات.