کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: ڕاسان یانی حزوری بەردەوام وبەرینی پێشمەرگە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات

16:38 - 20 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: سێمینارێک لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بۆحەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری زوریخ لە وڵاتی سوویس سێمینارێک لەژێر ناوی ڕاسانی رۆژهەڵات و ئەرکەکان و ئەگەرەکان بە بەشداریی بەشیکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی سوویس و نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ حەسەن شەرەفی بەڕێوە چوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەویی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان کامران ڕەسووڵی بەرپرسی گشتیی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوویس لە پێوەندی لەگەڵ سێمینارەکەدا وتارێکی کورتی پێشکەش بە بەشداران کرد.

ڕەسووڵی لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: وەک ئاگادارن لە بەهاری ڕابردوودا حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران خەباتێکی نۆێی لەژێر ناوی ڕاسان دەست پێکرد و ئەو خەباتە لە ماوەی ئەو ساڵەدا کۆمەڵێک پرسیاری بە دوای خۆیدا هینا و بۆ زیاتر تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێداونی خۆی پێشکەش دەکات.

شەرەفی لە سەرەتای قسەکانیدا لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد بە گشتی وتی: ئێمە کوردین و یەک نەتەوەین و کوردستان یەک وڵاتە، دوژمنان دایان بڕاندووین و کاتێک داوای مافی خۆمان دەکەین بە جوداییخواز تاوانبارمان دەکەن.

لە پێوەندی لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردستان شەرەفی باسی لەوە کرد: ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەین، پێمان وایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاونانی جیدی بۆ ئەو پرسە دەبیت سێ فاکتەری ئابووری، پشتیوانیی دەرەکی و بژیوی خەڵک لەبەرچاو بگرێت.

شەرەفی لە پێوەندی لەگەڵ دۆستەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە؛ کوردی هەر بەشێکی کوردستان مافی خۆیەتی کە دۆستایەتی لەگەڵ دراوسێکانی و ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە سەردا دابەش بووە هەبێت، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیربچێتەوە کە هێز و لایەنەکان لە هەر بەشێکدا ئەوندە لە دۆستایەتی لەگەڵ داگیرکەران بچنە پێش کە ڕێگای گەڕانەوەیان نەبێت.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ ئیمە وەک حیزبی دێموکرات هەمیشە پێمان وابووە چارەنووسی کوردی هەر بەشێک، کوردی ئەو بەشه و هێز و لایەنەکانی ئەو بەشە دیاریی دەکەن.

شەرەفی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات وتی: ئیمە وەک کورد لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ ڕێژیمێک بەرەڕووین کە بە هەموو شێوەیەکی سیستماتیک خەریکی سەرکوتی هەموو گەلانی ئێرانە، ئێمە لەگەڵ ڕێژیمێک بەرەوڕووین کە کاتێک باسی دێموکراسی دەکەین، دەڵێت ئەوە تایبەت بە ڕۆژئاواییەکانە، کاتێک باسی ماڤی ژن دەکەین، دەڵیت ئیمە مۆسڵمانین، کاتێک باسی مافی نەتەویی دەکەین، دەڵێت هەموومان ئێرانیین، هەربۆیەش وەڵامی ئێمە بۆ ئەوانەی کە باس لە وتووێژ لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەکەن، (نا) دەبێت. چوونکە لە ئەساسدا هیچ ڕێزێک بۆ ماف و داخوازییەکانی ئێمە دانانێن، ئیدی وتووێژ لەگەڵ کێ و بۆ چی بەکەین.

شەرەفی لە درێژەی باسەکەیدا لە پێوەندی لەگەڵ ڕاسانی رۆژهەڵات وتی:ڕاسان یانی حزووری بەردەوام و بەرینی پێشمەرگە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی ‌کردنی ئەو خەڵکەی کە خەبات دەکات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەر جۆرە خەباتیک لە نەرمترین شێوەی خۆیشیدا هەزینەی هەیە.

بۆیە لە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ڕێژیمێکی ئاوەهادا ئەو حیزبەی کە ڕاسانی بەرهەم هێناوە تەبیعەتەن هەزینە و نرخ دەدا و بگرە زیاتریش لەو ڕێگایەدا قوربانی و شەهیدمان دەبێت، ناوبراو لە درێژەی باسەکەی لە پێوەندی لەگەڵ ڕاساندا باسی ئەوەی کرد کە؛ ڕاسان هەڵقووڵاوی ئیرادەی خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، بۆیە هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن کە ڕاسان بەرهەمی دەستێکی دەرەکییە بە هەموو شێوەیەک ڕەد دەکەینەوە.

شەرەفی لە دریژەی باسەکەیدا لە پێوەندی لەگەڵ ڕاسان و هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە وتی: لە سەرەتای ڕاسانەوە ئیمە لەگەڵ هەموو حیزبەکان دانیشتنمان هەبوو، پاش دەستپێکردنی ڕاسان سەرلەنوێ پێوەندی و دانیشتنمان لەگەل بەشی زۆری حیزبەکان هەبووە و داوامان لێکردوون کە بەشێوەیەک پشتیوانی لە ڕاسان بکەن، مەرج نیە کە تەنیا بواری نیزامییەکەی لەبەرچاو بگرین، بەڵکوو وتوومانە بە هەر شێویەک کە دەتوانن پشتیوانی لەو حەرەکەتە بکەن.

لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا بەشێکی بەرچاو لە بەشدارن ڕا و بۆچوون وڕەخنە و پێشنیاری خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ ڕاسانی ڕۆژهەڵات و دۆخی سیاسیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان خستە ڕوو، و دواتر لە لایەن جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتەوە وەڵامی پرسیارەکان درایەوە.