کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە خواردن، داوکارییەکانی ژنە چالاکێکی سیاسی دەستبەر کرد

21:53 - 20 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ژنێکی چالاکی سیاسی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری تەورێز کە ماوەی حەوتوویەکە مانی لە خواردن گرتووە، بە جێبەجێ کردنی داخوازییەکانی لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، مانگرتنەکەی شکاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاجەر پیری لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا، لە نێو زیندانی مانی لە خواردن گرتبوو، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا و بەرپرسانی زیندانی ڕێژیم، ملکەچ بە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی ئەو ژنە چالاکە سیاسییە کوردە بوون.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی پیری بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕاگەیاند کە؛ بەرپرسانی زیندانی ڕێژیم بەڵێنیان داوە، هەتا دوو ڕۆژی دیکە پێڕاگەیشتن بە دۆخی ناڵەباری هاجر پیری بکەن.

نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوو، هاجەر پیری، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دۆخی نالەباری خۆی لە زیندانی شاری تەورێز، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

هاجەر پیری خەڵکی شاری نەغەدەیە و لە نێو زینداندا لە بەندی بکوژان و کەسانی گیرۆدە بووی ماددەی سڕکەر ڕاگیرا بوو، لە بارودۆخێکی زۆر ناڵەبار دا دەژیا.

چەند ڕۆژ پێش ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە کە، هاجەر پیری ژنە چالاکی سیاسی کورد لەلایەن بەرپرسانی ئەمنیەتی زیندانی ناوەندی شاری تەورێز، بە جیایخواز و تێرۆریست ناوی دەبن.

حەوتووی ڕابردوو، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتیوانی خۆی لە مانگرتنی زیندانی سیاسی دەربڕیبوو.