کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنەوەیێکی تر لە ئێپیکی کۆساڵان

13:35 - 21 بەفرانبار 2716

ئارەش ساڵح

ئێپیکی کۆساڵان و خولقاندنی بەرهەمی پەپوولەیی شەهید کاوە و هاوڕێکانی، قەرارە لە ئاگایی کۆمەڵایەتی نەوەکانی داهاتوو دا دەنگ بداتەوە و لە پانتایی کات و سات دا هاتووچۆ بکات و دوای تێپەڕاندنی سنوورەکانی کات و سات بگاتەوە لای ئێمە کە لەم کاتەی ئێستا و لەم جوگرافیەی ئێرەدا دەژین. واتە ئەگەر بمانەوێ بەباشترین شێوە گوێمان لەو ئێپیکە بێت و خوێندنەوەی بۆ بکەین و سەر لە نوێ بیناسینەوە، پێوسیتە ئەو کانتێکستەی کە لە بەستێنی ئەو دا ئێپیکی کۆساڵان دەخوێنینەوە ئاگاییێکی نەتەوەیی-کۆمەڵایەتی نێوان-کات-ی بێت.

کورد یەکەم نەتەوەی بندەست نیە کە بۆ مافەکانی خۆی خەبات و شەڕ دەکات. خەبات لە پێناو لابردنی جۆرە جیاوازەکانی هەڵاواردن و ستەمی نەتەوایەتی مێژوویێکی بەرچاوی لە ناو زۆرێک لە نەتەوەکان دا هەیە کە سەرکەوتن یان شکستی ئەوانە دەتوانێت پێمان بڵێت کە ئاخۆ ئەو دەنگی ئێپیکی کۆساڵانە لە نەوەکانی داهاتومان دا چۆن دەنگ دەداتەوە. واتە ئەو ئەزموونانە یارمەتیمان دەدەن کە ئێستا چۆنیەتی دەنگ دانەوەی ئەو داستانە لە داهاتووی گەلەکەمان دا ببیستینەوە.

کاولکاری دەروونی تاک، بەرهەمی سرووشتی ستەمی نەتەوایەتە:

فرانتز فانۆن کە یەکێک لەو کەسانەیە کە زیاتر لە هەرکەسێک سرووشتی ستەمی نەتەوایەتی خوێندۆتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە زۆر بە باشی ئەو ئەزموونانەمان پێ دەڵێتەوە کە دەتوانێت یارمەتیدەرمان بن بۆ بیستنی دەنگدانەوەی ئێپیکی کۆساڵان لە جیلەکانی داهاتوومان دا. ئەو دەڵێت کە ژێر دەستە بوونی نەتەوەیێک لە سرووشتی خۆی دا کاولکارە. بەڵام گرینگیەکەی ئەوەیە کە ئەو کاولکاریە تەنیا کاولکاری فیزیکی واتە کاول کردنی شار و ئابووری و کۆمەڵگای نەتەوەی ژێردەست نیە بەڵکوو کاولکاریەکە زیاتر لە هەرشتێک دەروونیە. واتە نەتەوەی سەردەست وا لەنەتەوە بندەستەکان دەکات کە نەتەنیا باوەڕیان بە خۆیان نەبێت بەڵکوو ئەو شوناسە کۆمەڵایەتیەی کە بەسەریان دا دەسەپێندرێت دەبێتە شوناسێکی کۆیلایەتی. واتە تاکەکانی نەتەوەی بندەست تەنانەت ئەگەریش هەست بە ئارامی بکەن بەڵام هەر خۆیان لەبەرامبەر گەلی سەردەست وەکوو کۆیلە و شارۆمەندی دەستە دوو دەبینن. ئەو زانایە کە داهێنەری رێچکەیێکی بەهێزی زانستی بە ناوی پۆست کۆلۆنیاڵیسمە دەڵێت کە داگیرکەر بە شێوەی تووندووتیژی جەستەیی و دەروونی خەسڵەت و رۆحی نۆکەر بوونی بێگانە، شیفتە و ئەویندار بوونی کەلتووری بێگانە یان دوا کەوتووی ئایدۆلۆژیای بێگانە دەابتە ناو دەروونی تاکەکانی گەلی ژێردەستەوە. خوێندنەوەکانی فانۆن پیشان دەدات کە گەلی باڵادەست لە رێگەی تووندووتیژی جەستەیی و تووندووتیژی دەروونی بە ئاکامی خۆی دەگات. هەروەها ئەو دەلێت گەلی ژێردەستیش تەنیا بە یەک شێوە دەتوانێت تاکەکانی خۆی لە کۆیلە بوونی دەروونی و لە کۆیلە بوونی رۆحی رزگار بکات ئەویش شۆڕێشێکی بەهێز و توندوتیژە. شۆڕشێک کە ئەو رووبەڕووبوونەوە بەرجەستە بکات و هەم بە تاکە کۆیلە کراوەکان پیشان بدات کە ئیرادەی رزگاریخوازی هێشتا رووناکە و هەم بۆ داگیرکەر دەربخات کە هێشتا لەو کۆمەڵگا چوارمێخە کێشراوە شۆڵەی ئایدیای بەرنگاری و خواستی بوون بە مرۆڤێکی ئازاد رەنگ دەداتەوە. فانۆن دەڵێت تەنیا ئەو شۆڕشە تووندووتیژەیە کە دەتوانێت کە باوەڕ بە خۆ بوون و رێز لە خۆ گرتن بۆ تاکەکانی گەلی ژێردەست بگێڕێتەوە کە لە لایەن داگیرکەرەوە لێی زەوت کراوە.

خزمەتگوزار-شارۆمەند بەرهەمی سەرەکی ئێسڵاحتەڵەبی گوتاری سەردەست:

کارکردی سەرەکی گوتاری ناسیوناڵیزمی سەردەست لە کۆمەڵگای ژێردەست دا ئەوەیە کە لە رێگەی گوشاری دەروونی و بە هەوڵ دان بۆ گۆڕینی بنەمای بەهاکانی ناو کۆمەڵگا ئەگەری پێکهاتنی بەرگری جیددی و کاریگەر لە بەرامبەر پێکهاتەی داسەپاو لە ناو ئەو کۆمەڵگایە دا لە ناو دەبات. بۆیە گوتاری ئیسڵاحتەڵەبی نەتەوەی سەردەست لە ئەمڕۆی ئێران دا و لە ماوەی دوو دەیەی رابردوو هەوڵی داوە لە نەبوونی هێزی پێشمەرگە کەڵک وەربگرێت بۆ ئەوەی بەرخودان لە بەرامبەر ستەم و داگیرکاری لە ناو زەینی تاکەکان دا پاک بکاتەوە و تەنانەت بیکاتە دژەبەها.

ئەگەر بمانەوێ چەمکی باو بۆ دامەزراوە فیکریەکان بەکار بێنین دەبێ بڵێین کە ژوورە فیکریەکانی ناسیوناڵیزمی باڵا دەست کە هەندێک جار لە چوار چێوەی حاکمیەت دان و هەندێک جار لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، دەیانەوێ وەکوو چۆن تا ئێستا بە هەندێ چەمک و ئایدۆلۆژیای مەنسووب بەچەپ یان ئیسلام توانیویانە چالشی زۆر کاریگەر لەبەردەم خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد پێک بێنن، ئێستاش لە درێژەی ئەو ئاراستەیە دا دەیانەوێ لە رێگەی هەندێک چەمک و کلیشەی مەنسووب بە لیبراڵیزم لە ناو کوردستان دا ئەوە جێ بخەن کە سەردەمی خەبات بەسەر چووە و کۆمەڵگا رازی بکەن بەوەی کە هەڵبژاردەی عەقڵانی ئەوەیە کە بە رازی بوون بەو شتەی کە دەوڵەتی داگیرکەر و ئیسڵاحتەڵەبەکان پێمانی دەدەن ئارام بگرین و قەناعەت بکەین. ئێستێدلالی ئەوان هەردەم ئەوەیە کە ئەم ئاراستەیە دەسکەوتەکەی زۆر لە تێچووەکەی زۆرترە. ئەمە ئەو گوشارە دەروونیەیە کە فرانتز فانۆن بۆمان دەردەخات کە نەتەنیا لە گەلی کورد بەڵکوو لە گەلەکانی تریش کراوە. بەرهەمی ئەو گوشارانە بۆ تاکەکانی گەلی بندەست بەرهەمهاتنی خزمەتگوزار-شارۆمەندە. خزمەتگوزار کە لە چەمکی سێرڤایلی فانۆن وەرگیراوە بەو مانەیەیە کە ناسیوناڵیزمی باڵادەست دەروونناسی تاکی ژێردەست کە لێرە دا تاکی کوردە لە ژێر گوشاری ئایدۆلۆژیک و دەروونی واتە لە رێگەی دامەزراوە نەرمەکانیەوە دەگەیێنێتە ئاستێک کە ئەو تاکە لە خزمەت کردن بە ئایدۆلۆژیا و دامودەزگای کەلتووری-حقوقی گەلی سەردەست هەست بە بەخۆرازی بوون دەکات و هەست دەکات لە دەورووبەرەکەی خۆی کە کوردەکانی بێگانە بە کەلتووری سەردەستن پلەیێک بەرزتر دەبێتەوە. بۆ وێنە نووسەر یان موتەرجێم یان هونەرمەندی کورد لە نووسین بە زمانی فارسی و خزمەت بە کەلتووری فارسی تووشی شانازی دەبێت و خۆی لە ئاستێکی بەرزتر دەبینێتەوە لە نووسەران و هۆنەرمەندانی تری کورد کە بە ناوی بوومی ناویان لێ دەبەن. چەمکی شارۆمەند کە بە هۆی چەمکی خزمەرتگوزارەوە واتا سەرەکیەکەی خۆی لە کیس دەدات سەرنجی خوێنەر بۆ ئەو راستیە دەکێشێت کە ناسیوناڵیزمی باڵا دەست دەیەوێت رێگای بەرنگار بوونەوە و خەبات بۆ گەلی ژێر دەست دیاری بکات و داواکاریەکان و مێتۆدەکانی خەبات بۆ ئەو گەلە بخاتە چوارچێوەی گوتاری یاسایی-ئایدۆلۆژیکێک کە ئەو دابینی دەکات. ئامانجی ناسیوناڵیزمی سەردەست لەم کارە ئەویە کە هێزی ئەو داواکاریانە و ئەو ناڕەزایەتیانە بۆ پێکهێنانی گۆڕانی بنەڕەتی و پێکهاتەیی لە ناو ببات. بۆ وێنە ناسیوناڵیزمی سردەست ئەمڕۆ لە ئێران دا دەیەوێت بە ناساندنی مەدەنیەتی ئێرانی هەرچەشنە چالاکیێک کە لە دەرەوەی واتای فەرمی ئەو مەدەنیەتە بێت بە ناوی کۆتایی هاتنی سەردەمی شەڕ و کۆتایی هاتنی سەردەمی یۆتۆپیا و کۆتایی هاتنی سەردەمی ... تەختەئە بکات و لە مەیدان بەدەری بکات. بۆ یە بەرهەمی ئەمجارەی گوتاری ناسیوناڵیزمی سەردەست لە راستی دا خزمەتگوزار-شارۆمەندێکە کە تایبەمەندیە سەرەکیەکەی ئەوەیە کە کەڵکەڵە سەرەکیەکەی خواستی گۆڕانی بنەڕەتی پێوەندیەکانی سولتە نیە بەڵکوو بەهەندێک کەڵکەڵەی ساختە کراوەوە سەرقاڵ دەکرێت کە سەرەڕای جوان بوونیان هیچ کات ناتوانن کەرامەتی مرۆڤێکی ئازادی بۆ بگێڕنەوە.

ئێپیکی کۆساڵان گەورەترین بەربەستە کە لەسەردەمی ئێمڕۆ دا لە بەرامبەر ئەو ئاراستەیەی گوتاری سەردەست دەوەستێتەوە. شوناسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای خولقانی ئێپیکی کۆساڵان بەرەو ئەو ئاستە دەچێت کە خۆی بە چەشنی شوناسی تاکێکی ئازاد و بەرامبەر لەگەڵ نەتوەکانی تر بەرهەم بهێنێتەوە. بۆیە دەنگدانەوەی ئێپێکی کۆساڵان لە جیلەکانی داهاتوو دا خوێندنەوەیێکی رەخنەگرانەیە کە بنەماکەی لەسەر گوتاری رزگاریخوازانەی گەلی کورد هەڵچنراوە. بۆیە لە راستی دا ئێپیکی کۆساڵان رەنگی لە ناو هەموو مێژووی ئێمە دا دەبێت چ لە ناو رابردوومان و چ لە ناو داهاتوومانا. بەو مانایە کە ئێپێکی کۆساڵان گوتاری رزگاری خوازی کورد لە ژێر رەهێڵەی گوتارە داسەپاوەکان و دەسکردەکانی داگیرەر رزگار دەکات. هەروەها ئەو گوتاری رزگاریخوازی گەلی کورد لە ژێر کاریگەری ئێپیکی کۆساڵان دا ئامرازە سەرەکیەکانی خوێندنەوەی مێژوو بۆ جیلی داهاتوو بەرهەم دەهێنێتەوە و جیلی داهاتوو و کۆمەڵگای کوردستانی سەد ساڵی داهاتوو بە پێی ئەو ئامرازەنەی بەرهەمهێنراوی ئێپیکی کۆساڵانە کە ئێمەی ئێستا و ئێمەی سەد ساڵ لەمەو بەر و ئێمەی سەد ساڵی تر دەخوێنێتەوە.

گرینگترین کارکردی ئێپیکی کۆساڵان ئەوە بوو کە ناکارامەیی گوتاری ناسیوناڵیزمی سەردەستی خستە روو کە ئەو ناسیوناڵیزمە ئەمجارە لە قاڵبی لیراڵیزم و مەدەنیەتەوە فۆرموولەی کردبوو. میشل فوکو کە یەکێکی تر لە بەناوبانگ ترین زاناکانە کە خوێندنەوەکانی لە رێچکەی زانستی پۆست کۆلۆنیاڵیسم گرینگیێکی بەرچاوی هەیە و جان مەکلوود نووسەری بەناوبەنگ لە کتێبی دەسپێکی پۆستکۆلۆنیالیزم بە گەڕانەوە بۆ فۆکۆ باس لەوە دەکات کە سەرکەوتنی گوتاری گەلی باڵادەست لەلایێکەوە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تاکی نەتەوەی باڵادەست خۆی بە گەورتر لە کەسانی تر دەناسێت، وەکوو چۆن گوتاری باڵادەست لە ئەمڕۆی ئێران دا مێژوو و جوگرافی و سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە تەنیا بە هی گەلێک دەزانێت و گەلانی ژێر دەست بە شێوگەلی جۆربەجۆر وەکوو جۆک، تەحقیر دەکات و چکۆلە دەکاتەوە. بەڵام لەلایەکی ترەوە سەرکەوتنی ئەو گوتارە زیاتر لە هەرشتێک لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەو گوتارە وا بە هەندێک لە فەعالین و چالاکانی کۆمەڵگای ژێردەست دەکات کە هەست بەوە بکەن کە لەبەر ئەوەی کە خەریکی چالاکی لە چوارچێوەی مەدەنیەتی دارێژراوی ئەو وڵاتەن ئەوا مرۆڤی جێگەی رێزن و خۆیان وەک چالاک بە خاوەن بەها و ئەرزش دەزانن کە ئەو دەڵێت ئەم ئامرازە گوتاریە دەمامکێکی جوانیش دەبەخشێت بە هەوڵەکانی تری داگیرکەر بۆ چەسپاندنی داگیرکاری خۆی.

شەهید کاوە و هاوڕێکانی لە ئێپیکی کۆساڵان پیشانیان دا کە لاوی ئەمڕۆی کوردستان تەسلیمی ئەو رۆڵە جوان و قەشەنگانە نابێت کە گوتاری داگیرکاری بۆیانی دابین کردووە. ئەو چوارچێوانە کە خۆیان واتەنی کەم هەزینەن بەڵام لە راستی دا بە هەزینە و تێچووی کۆیلە بوونی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا تەواو دەبن. زرمەی دەنگی چەکی شەهید کاوە و هاوڕێکانی ئاگایی بەخشە، ئاگایێک کە نەسڵەکانی داهاتووش دەتەنێتەوە. ئەو دەنگەیە کە بە کەسەکان دەڵێت رێگای خەبات بەوە پێناسە ناکرێت کە هەزینەی کەمترە یان زۆرترە بەڵکوو بەوە هەڵدەسەنگێندرێت کە تا چەند دەتوانێت شوناس و سایکۆلۆژی تاکی کورد لە کۆیلە بوون دەرباز بکات. دوای زیاتر لە حەفتا ساڵ خەباتی چەکداری ئەگەر لە دوو دەیەی رابردوودا کۆمەڵگای کوردستان بە نیسبەت شێونەکانی تری ئێرانەوە خاوەنی کەلتوورێکی سیاسی پێشکەتووتر بوو ئەوە بەو مانایەیە کە خەباتی چەکداری رۆڵی زۆر گرینگی هەبووە لە بەرز کردنەوەی رادەی ووشیاری کۆمەڵگا بە نیسبەت هەندێک چەمک وەکوو ئازادی و رزگاری. واتە ئەوە خەباتی چەکداری بووە کە جیلەکانی دەیەکانی چل و پەنجا و شەستی هەتاوی کوردستانی رۆژهەڵاتی زیاتر لە هەرکەسێک بە نیسبەت سیاسەت و چارەنووسی سیاسی هەستیار کردووە و هەندێک چەمک وەکوو بەشداری لە سیاسەت و ئازادی لە هەموو رەهەندەکانیەوە بۆی گرینگ کردووە. ئێپیکی کۆساڵان ئاوێکی ساردی کرد بەسەر ئەو کەسانەی کە پێیان وابوو ئیرادەی گەلی کورد ئەمجارە بە زرق و بەرقی خۆیان وتەنی رێگا کەم هەزینەکان خراوەتە ژێر رکێف.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.