کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە لیستی نوێی تێرۆردا بێ بەش نیه

14:12 - 21 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە نوێترین لیستی خۆیدا دژی تێرۆر، ناوی چەند بەرپرسی حیزبوڵڵای لوبنان سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکان وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە نوێترین لیستی خۆیدا کە دژی تێرۆریزم لە جیهاندا بڵاوی کردووەتەوە ناوی بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوە و فەرماندەی لقی نیزامیی حیزبوڵڵای لوبنانی تێدا هێناوە کە ئەو دوو کەسە هەردووکیان پێوندەیی نزیکیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە و یەکێک لەوانەش لە ئێران لەدایک بووە.

ناوی ئەو دوو ئەندامەی حیزبوڵڵا عەلی دەعمووش و مستەفا مۆغنیه ڕاگەیەندراوە کە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە لە لیستی گەمارۆی ئەو ئیدارەیەی ئامریکادا جێگەیان گرتووە.

عەلی دەعمووش ناسراو بە شێخ عەلی دەعمووش، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبوڵلا یەکێک لەو کەسانەیە کە هات و چۆی ئێران دەکات و مانگی بانەمەڕی ئەمساڵیش لە ڕێوڕەسمێکدا کە بۆ مستەفا بەدرەدین فەرماندەی لقی نیزامیی ئەو گرووپە تێرۆریستییە کە لە دیمەشق کوژرا لە تاران قسەی کرد.

هەروەها مستەفا مۆغنیە ئەو بەرپرسەی دیکەی حیزبوڵڵایە کە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە لیستی گەمارۆکاندا جێی گرتووە و شوێنی لەدایکبوونی تاران ڕاگەیەندراوە.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانبار، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا بڵاوی کردەوە کە؛ بان کی مۆن، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە بۆ شۆڕای ئەمنییەتی ناردووە نیگەرانیی خۆی لە پێشێل کردنی گەمارۆی چەکوچۆڵ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و هەروەها دابین کردنی کەرەستەی شەڕ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەربڕیوە.

حەسەن نەسروڵڵا هاوینی ئەمساڵ لە دیمانەیەکدا باسی لەوە کرد که تێچوو و چەکوچۆڵی ئەو گرووپه لە لایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت.

شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە بە بەردەوامی بەهۆی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی یەمەن، سووریە، عێراق و لوبنان و پشتیوانیی ماددی و چەکوچۆڵ لە گرووپە توندئاژۆ و تێرۆریستییەکان، بە توندی مەحکووم دەکرێت.