کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجەی سەربازی ئێران زیاد کرا

14:17 - 21 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: مەجلیسی ڕێژیمی تاران لە چوارچێوەی بەرنامەی شەشەمی گەشەپێدانی خۆیدا بڕیاری دا ٥%ی بودجەی ساڵانەی ئێران بۆ تێچووە سەربازییەکان تەرخان بکرێت.

هەواڵدەریی تەسنیم، نیزیک لە سپای پاسداران بڵاوی کردەوە؛ ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕێژیم گەڵاڵەی زیادکردنی بودجەی سەربازی ئەم وڵاتەی پەسند کرد کە بەهۆیەوە ٥%ی کۆی بودجەی ساڵانەی ئێران تایبەت دەکرێت بۆ کاروباری سەربازی و لەم نێوانەشدا سپای پاسداران پشکی شێری بەر دەکەوێت.

بەپێی ئەم پەسندکراوە نوێیەی مەجلیس کە ١٧٣ کەس لە ئەندامانی مەجلیس بڕیاری ئەرێ یان بۆ داوە، دەوڵەت ئەرکدار دەکات بۆ بەهێزکردنی توانایی بەرەنگاری وەکوو زلهێزێکی ناوچەیی و دابین کردنی ئەمنیەت بڕی ٥%ی کۆی بودجەی ساڵانە بۆ تێچووە سەربازییەکان تەرخان بکات.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەم پێوەندییەدا ڕادیۆ فەڕانسە بڵاوی کردۆتەوە؛ ئامانجی سەرەکی لەم گەڵاڵە کە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٥دا لەلایەن عەلی خامنەییەوە ڕاگەیەندرا، پەرەدان بە موشەکە دوورهاوێژەکان و پەهپادە چەکهەڵگرەکان و بەهێزکردنی تواناییەکانی سپای پاسداران لە شەڕی سایبێرییە.

پەسند کردنی ئەم گەڵاڵەیە هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ تاوتوێ کردنی بەرنامەی موشەکی ئێران و ئەمەش ئەگەری زیادکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوای بەدواوە دەبێت.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە ڕاپۆرتێکدا کە بۆ شۆڕای ئەمنییەتی ناردووە نیگەرانیی خۆی لە پێشێل کردنی گەمارۆی چەکوچۆڵ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەربڕیوە.

پێشتریش دۆناڵد تڕامپ سەرکۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئامریکا نیگەرانی خۆی لە بەرنامە موشەکییەکانی ئێران دەربڕیبوو و وتبووی ئەم بەرنامانە هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر ئیسڕائیل و ئۆروپا و لە درێژخایەنیشدا بۆ سەر ئامریکا کەواتە دەبێ بەهەموو تواناوە لەدژی بوەستینەوە.

جگە لەم لایەنەش، چاودێرانی کاروباری ئێران پێیان وایە کۆماری ئیسلامی ٢ ئامانجی نهێنی بە پەسندکردنی ئەم گەڵاڵەیە دەپێکێ کە بریتین لە پڕچەک کردنی زیاتری لایەنە توندڕەوە ئیسلامی و تێرۆریستییەکان لە ناوچەدا کە بەمشێوەیە دەرەتانی تەڕاتێنی زیاتر بە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچە دەدات و رێژیم زیاتر دەتوانێ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا بکات و هەروەها ئاسانکارییەکی باشیشە بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تاکوو لە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری لە نێوخۆی ئێران زووتر و زیاتر بتوانن سەرکوتی بکەن.