کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری بانە هێرش کرایە سەر مۆڵگەیەکی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران

14:40 - 21 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: وێبلاگی هەڵۆکانی زاگرۆس لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە، شانە نهێنییەکانیان لە شاری بانە، بە نارنجۆکی دەستی هێرشیان کردە سەر مۆڵگەیەکی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڕەکی سالح ئاوای ئەو شارە.

هەڵۆکانی زاگرۆس لەو پەیوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە، کاتژمێر ٣ی نیوەشەوی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، چەکدارەکانیان بە نارنجۆکی دەستی هێرشیان کردۆتە سەر بنکەیەکی سەربازی ڕێژیم لە شاری بانە بەڵام تا ئێستا لەسەر ڕێژەی کوژراو و بریندارەکانی ئەو هێرشە، هیچ زانیارییەکیان لە بەردەستدا نییە.

ڕاپۆرتەکە ڕوو لە بیرووڕای گشتی بڵاوی کردۆتەوە کە، ئەو هێرشە بە مەبەستی وەشاندنی گورزی سەربازی لە چەکدار و بنکە سەربازییەکەی ڕێژیمی دژە گەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دراوە.

ڕێکخراوی هەڵۆکانی زاگرۆس لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە، بە مەبەستی بەرگری لە ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵکی کوردستان لە هەموو خاکی کوردستان، تا وەدەرنانی هێزی سەرکوت و داگیرکاری، لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن و هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان بێ وەڵام ناهێڵنەوە.

هەڵۆکانی زاگرۆس ڕێکخراوێکی چەکدارییە کە لەم دوواییانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دامەزرا و لە ڕێگەی شانە چەکداریەکانییەوە، بەپێی وتەی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان لە دەستی ڕێژیمی دژە گەلی کۆماری ئیسلامی ئێران، چالاکی جۆراوجۆری چەکداری لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان بەڕێوە دەبەن.