کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش لەگەڵ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دێموکراتی کوردستانی سوریە کۆبووە

15:11 - 21 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: جەزا ساڵحی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش لەگەڵ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دێموکراتی کوردستانی سوریە لە سەر سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و ڕاسانی ڕۆژهەڵات گفتوگۆی کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فەیسەڵ نەعسۆ بە مەبەستی باس و وتوووێژ لە سەرچۆنیەتی پێوەندی و هاوکاری بە کردەوە لە نێوان کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوتریش و نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریە لەو وڵاتە و هەروەها بە مەبەستی شرۆڤە کردنی کێشە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە تایبەتی پێک هات.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا فەیسەل نەعسۆ لە سەر مێژوو و خەباتی پارتەکەیان دژ بە دیکتاتۆریەتی حافیز ئەسەد و پاشانیش کوڕەکەی بەشار ئەسەد، شەڕ لە سووریە و شوێنەواری شەڕ لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پێوەندی نێوان ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و چۆنیەتی هەڵس و کەوت و سیاسەتی توندو تیژی پەیەدە بەرانبەر بە ڕێکخراوەکانی دیکە و چەند بابەتی دیکە باسێکی پێشکەش کرد.

پاشان دوکتور جەزا ساڵحی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئۆتریش لە سەر سیاسەتی سەربەخۆیی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لە گەل وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، سیاسەتی دۆستانەی حیزبی دێموکرات لەگەل حیزب و ڕێکخراوەکانی هەرچوار بەشی کوردستان، سیاسەتی دوژمنانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیسبەت کێشەی کورد و بەتایبەت ڕۆژهەڵات ڕاگەیاندنی ڕاسان و کاریگەریی ڕاسان لە سەر ورەی خەباتگێڕانی ڕۆژهەڵات و هەڵوێستی کاربەدەستانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لە گەڵ ڕاسان باسێکی پێشکەش کرد.

لە کۆتایی ئەم دیدارەدا دوو لایەن لە سەر بەردەوامیی پێوەندییەکانیان جەختیان کردەوە.