کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا پەرەی ئەستاندووە

14:48 - 22 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی سیاسەتی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران، ٣ هاووڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تێرۆر لە هەراتی ئەفغانستان دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان بەرپرسانی ئەمنییەتی پارێزگای هەرات ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی ڕایانگەیاند کە سێ هاووڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی تێرۆری چەکداری و هاوکاریی لەگەڵ دژبەرانی چەکداری ئەو وڵاته دەستبەسەر کراون.

فەزل ڕەحمان خادەم بەڕێوەبەری لقی بەرەنگاربوونەوە دژی تێرۆریزمی فەرماندەهیی پۆلیسی هەرات هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە ئێرانییەی بە تۆمەتی کردەوەی تێرۆریستی پشت‌ڕاست کردوووەتەوە.

ئەو بەرپرسەی دەوڵەتی ئەفغانستان شوناسی دوو تێرۆریستی ئێرانی بە ناوەکانی ئۆسامی مەجید وەلەد حسەین و رەمەزان وەلەد حسەین باشەندێگان خەڵکی شاری مەشهەد ڕاگەیاندووە.

فەزڵ ڕەحمان خادەم بەڕێوەبەری لقی بەرەنگاربوونەوە دژی تێرۆریزمی فەرماندەهیی پۆلیسی هەرات ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو هاووڵاتییە ئێرانییه دەستیان لە کوشتنی کەسێک بە ناوی شاهرۆخدا هەبووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام ڕێژیمی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە پشتیوانی لە تێرۆریزم مەحکووم کراوە و لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە نوێترین لیستی خۆیدا کە دژی تێرۆریزم لە جیهاندا بڵاوی کردەوە ناوی بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوە و فەرماندەی لقی نیزامیی حیزبوڵڵای لوبنانی تێدا هێناوە کە ئەو دوو کەسە هەردووکیان پێوندیی نزیکیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە و یەکێک لەوانەش لە ئێران لەدایک بووە.

هەر لەمبارەوە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانبار، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا بڵاوی کردەوە کە؛ بان کی مۆن، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە بۆ شۆڕای ئەمنییەتی ناردووە نیگەرانیی خۆی لە پێشێل کردنی گەمارۆی چەکوچۆڵ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و هەروەها دابین کردنی کەرەستەی شەڕ بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەربڕیوە.

ڕێژیمی ئێران ساڵی ٢٠١٦ی زایینی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە یەکەم ڕێژیمی جیهان بۆ پشتیوانی لە تێرۆر ناسێندرا.