کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەئموورانی شارەداریی ڕێژیم لە ڕەبەت هێرش دەکەنە سەر کاسبکاران

21:08 - 22 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: لە شاری ڕەبەت سەر بە پارێزگای ورمێ مەئموورانی شارەداریی لە هێرش بۆ سەر کاسبکارێکی هەژار دەست و ددانێکی ناوبراو دەشکێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، مەئموورانی سەدی مەعبەری شارەداریی ڕەبەت کاسبکارێکی هەژاری کەڕ و ڵاڵ بە ناوی قادر ئەحمەد پارسا دەدەنە بەر هێرشی دڕندانەی خۆیان و لە ئەنجامدا دەست و ددانێکی ئەو کاسبکارە کوردە دەشکێنن.

هەواڵنێڕی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە ئەو کاسبکارە کوردەی که لە لایەن ئەو بەکرێگیراوانەی ڕێژیم هێڕشی کراوەتە سەر لاوێکی کەمئەندامی خەڵکی گوندی لیلانێ و نیشتەجێی شاری ڕەبەت بووە.

ئەو کاسبکارە کوردە لە یەکێک لە کۆڵانەکانی ڕەبەت لەحاڵێکدا کە لە سەر داشقە خەریکی فرۆشتنی میوە بۆ دەستخستنی بژیوی ژیانی خۆی بووە لە لایەن ئەو بەکرێگیراوانەی شاردارییەوە بەتوندی کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و ئازار و دەستێک و ددانەکانی شکێنراوە.

لەدوای ئەو کارە دزێوەی مەئموورانی سەدی مەعبەر شارەداریی ڕێژیمی، خەڵکی بازاڕ و شاری ڕەبەت بەنیشانەی ناڕەزایەتی لەو کردەوە قێزەونە لەبەر دەرگای شارداری کۆبوونەتەوە و خۆپیشاندانیان وەڕێ خستووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە خەڵکی شاری ڕەبەت نین و لە شاری مەهاباد را هێنراون.

مەئموورانی شارەداریی ڕێژیم تا ئێستا لە چەندین شاری کوردستان لە شەقامەکاندا هەڵیان کوتاوەتە سەر کاسبکاران ئەوەش ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.