کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مایەپووچبوونی سندووقەکانی خانەنشینی سەرۆکی مەجلیسی هێنایە گۆ

16:30 - 23 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: پاش بەردەوامیی مانگرتنی مووچەخۆرانی سندووقی خانەنشینیی سەنعەتی پۆڵا لەبەردەم مەجلیس، عەلی لاریجانی هاتە گۆ و وتی: من خەجاڵەتم.

ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار جارێکی تر مووچەخۆرانی سندووقی خانەنشینیی سەنعەتی پۆڵا لەبەردەم مەجلیس کۆبوونەوە و داوای موچە وەدواکەوتووەکانیان کردەوە، کە لەبەرانبەردا عەلی لاریجانی لە دانیشتنی ئاشکرای مەجلیسدا ناچار بوو بڵێ: ئەوەندە ئەم پیرەپیاوانەم لەبەردەم مەجلیسدا بینی کە کاتێک چاوم پێیان دەکەوێت خەجاڵەتی دەکێشم.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: سندووقی خانەنشینیی ئێمە مۆفلێس فی ئەمانوڵڵایە و بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویستی ماڵی ناتوانین دابینی بکەین.

ئەم قسانەی ناوبراو لەکاتێکدان کە بە پێی دانپێدانانەکانی بەرپرسانی حکومەتی، هەموو سندووقەکانی خانەنشینی ئێران مایەپوچ بوون و بۆ دانی مووچەی ئەندامەکانیان تووشی گرفتی جیددی بوونەتەوە.

هەنووکە کۆماری ئیسلامی بڕی ١٢٠ هەزار میلیارد تمەن قەرزداری سندووقی دابین کردنی کۆمەڵایەتی (تامین اجتماعی)یە.

لەمبارەوە کامبیز لەعل، کارناسی کاروباری دابین کردنی کۆمەڵایەتی بە هەواڵدەریی حکومەتیی ئیلنای وتووە: هەموو سندوقەکانی خانەنشینی ئێران مایەپوچ بوون و توانای دابین کردنی مووچەی خانەنشین کراوانیان نییە و هەر بەم هۆیەشەوە دەبێ وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمنیەتی گشتیی ڕێژیم سەیری بکەین.

پێشتریش مەحموود ئیسلامیان سەرۆکی گشتیی سندوقی خانەنشینیی ئێران وتبووی: لەحاڵێکدا کە دەبێ لەبەرانبەر هەر ٦ هاووڵاتیی خاوەن پیشە، ١ تاکی خانەنشینمان هەبێ، دەبینین کە لە ئێراندا ئەم ڕێژە کەمتر لە یەکە واتە لەبەرانبەر ١ میلیۆن و ١٠٠ هەزار تاکی خاوەن پیشە، ١ میلیۆن و ٢٢٦ هەزار تاکی خانەنشینمان هەیە و ساڵانەش ٣٠ هەزار کەسی دیکە بەم ڕێژەیە زیاد دەبێت.

لەم دواییانەدا سەعید لەیلاز، ئابووریناس، وتبووی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت بە دووری نازانم کە ئێرانیش بەرەو هەڵدێڕ و داڕوخان بڕوات، چوونکە هەنووکە ٢ فاکتی هەژاری و پیری هاوشان لەگەڵ یەکتر بەرۆکی ئێرانیان گرتۆتەوە.

یەکێکی دیکە لە ئابووریناسانی ئێرانیش بەناوی حسەین عەبدە دەڵێ: قەیرانی بێکاری لە ئێران ژیانی دەیان میلیۆن کەس لە مووچەخۆرانی سندووقی خانەنشینیی تووشی کێشەی جیددی کردووە، ئەمەش بەهۆی ئاستی بەرزی نرخی بێکاری کە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر سندووقەکان داناوە.

بە باوەڕی ناوبراو ئەگەر ئەم کێشە ئابوورییانە چارەسەر نەکرێن، تا ماوەیەکی تر لە ئێراندا شاهێدی سەرهەڵدانی شۆڕشی نان دەبین.