کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی پێشمەرگە و برای شەهیدێکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

16:33 - 23 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: حاجی محەممەد حەسەن پوور باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری سەردەشت ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، حاجی محەممەد حەسەن پوور باوکی سامان حەسەن پوور پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

حاجی محەممەد ئامۆزای کەسایەتی سیاسی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی و برای شەهید عومەر حەسەن پوور بوو. تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵکی شاری سەردەشت لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی ئەو شارە ئەسپەردەی خاک کرا.

حاجی محەممەد لە ساڵانی ٤٦_ ٤٧ یەکێک لە ئەندامە هەڵسووڕاوەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچە و جێگای متمانەی شەهیدان سلێمان موعینی و مەلا ئاوارە بوو.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ماوەیەک چەکی شەرەفی لە شان کرد و لەگەڵ هاوڕێ مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی بووە. دوای گرتنەوەی شاری سەردەشت حاجی محەممەد بۆ سەرپەرەستی کردنی بنەماڵەکەی گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.

شەهید عومەر برای حاجی محەممەد پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، لە شەڕێکی قارەمانانە دژی داگیرکەرانی کوردستان، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

نە گوشاری ڕێژیم، نە شەهیدبوونی عومەر و نە ڕووداوە دڵتەزێنەکەی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی، شوێندانەریی نەرێنی لە سەر ورەی حاجی محەممەد دانەنا و ناوبراو ڕێگای حیزبایەتی بەرنەدا.

لە وەرزی هاوینی ڕابردووشدا، کوڕی حاجی محەممەد، سامان شیوەسەڵی چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد و خۆی لە ڕاسانی ١٣٩٥دا دیتەوە و ڕێچکەی بنەماڵە شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەرەکەی هەڵگرتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆی له بنه‌ماڵه و خزم و که‌سوکاری ناوبراو ده‌کات و خۆی به شه‌ریکی خه‌میان ده‌زانێت.