کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری تەحریمی فوتباڵی ئێران لە ئارادایە

14:54 - 24 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ڕێکخراوێکی جیهانی مافەکانی مرۆڤ خوازیاری تەحریمی نێونەتەوەیی فوتباڵی ئێران بوو بەهۆی ئەنجامدانی حوکمی ئێعدام لە یاریگای فوتباڵی نەیڕیزی پارێزگای فارس.

ڕێکخراوی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (ECPM) داوای کردووە کە فوتباڵی ئێران بەتەواوەتی لەلایەن فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی فوتباڵەوە تەحریم بکرێت کە ئەم داواکارییە لەلایەن سەرۆکی فیفاوە پێشوازی لێکراوە.

ماڵپەڕی فەڕانسەوی سووفووت لەمبارەوە بلاوی کردۆتەوە لەم دواییانەدا فیفا بەندێکی نوێی بە بەرنامە و ئەساسنامەکەی زیاد کردووە کە بەهۆیەوە دەتوانێ لەبەرامبەر ئەو وڵاتانەی کە حوکمی ئێعدام لە یاریگا وەرزشییەکان بەڕێوە دەبەن هەڵوێست بگرێت.

ڕۆژی ٢٢ی سێپتامبر هێزە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی ڕێژیم لە شاری نەیریزی فارس حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکیان لە یاریگای فوتباڵی ئەم شارە بەڕێوە برد کە ڕاپۆرتی ئەم کارە دەسبەجێ لە لایەن ڕافائێل چێنول هازان سەرۆکی ڕێکخراوی(ECPM) خرایە ئیختیار سەرۆکی فیفا و داوا کرابوو کە بە تەحریم کردنی ئێران ئەم وڵاتە لە هەموو کێبڕکێ نێونەتەوەییەکان دوور بخرێتەوە.

لەبەرامبەردا سکرتێری گشتی فیفا لە نامەیەکدا نووسیویەتی: فیفا ئەم چەشنە کارانە بەتەواوەتی مەحکوم دەکات. من دەمهەوێ لە داهاتوویەکی نیزیکدا سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ فێدراسیۆنی فوتباڵی ئێران قسە بکەم و بەپێی ماددەی ٣ی ئەساسنامەی فیفا کە ئەو ئیختیارەی بە ئێمە داوە ڕێگری بکەم لە ڕوودانی وەها حاڵەتێک.

لەبەرامبەریشدا مێهدی مەحمودی، پارێزەری نێونەتەوەیی فوتباڵی ئێران وتوویەتی کە فیفا ناتوانێ بەو هۆیەوە کە یەک جار لە یاریگایەکدا حوکمێکی لەو شێوە بەڕێوە چووە حوکمی هەڵپەساردن بەسەر فوتباڵی ئێمەدا بسەپینێت چونکە کاری لەو چەشنە لە وڵاتانی دیکە وەک ئەفغانستانیش ڕووی داوە!

ئەگەرچی ناوبراو بۆ پاساوهێنانەوە دەڵێ ئەمە یەکەمجارە کاری لەو شێوە لە ئێران ڕوو دەدات بەڵام ئەمە ڕاست نییە و پێشتریش چەندین حاڵەتی لەم شێوە هاتۆتە ئاراوە کە زەقترین نموونەی ئێعدامی هاووڵاتیەک لە یاریگای سەبزەوار لە ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ٩٢ بوو کە ئەوکاتیش لەگەڵ دژکردەوەی توندی فیفا بەرەوڕوو بوویەوە.