کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبیان کرد

15:16 - 25 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات دیداریان کرد.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوت ٢٤ی بەفەرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهاتوو لە ئەرسەلان بایز و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامانی دەفتەری سیاسی و مامۆستا بەکر ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی دەفتەری سیاسییەوە پێشوازییان لێ کرا.

لەم دیدارەدا، ڕەوشی سیاسیی کورد، شەڕ دژی داعش و ڕۆڵی کاریگەری کورد و فیداکارییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسی لەسەر کرا.

لە درێژەی ئەم باسەدا، ئاماژە بەو هەوڵە تازەیە کە ئێستا لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەت لە نێوان پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئارادایە کرا و ئاکامی ئەو هەوڵانە بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەوشی سیاسیی ئێران شرۆڤە کرا و هەر دوو لایەن لەو باوەڕەدا بوون کە ئەگەر کورد یەکیەتی و یەکڕیزیی خۆی بپارێزێ و پارتە سیاسییەکانی بە یەکگرتووییەوە بەرەوپیری ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان بڕۆن، بێگومان بە ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانیان دەگەن و هەر بەم یەک هەڵوێستییەیش دۆستەکانی یارمەتیدەری دەبن.

لە کۆتایی دیدارەکەدا دوو لایەن پێداگرییان لەسەر پێوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو حیزب کردەوە.