کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاریق ئەلهاشمی وردەکارییەکانی دانیشتنێکی خۆی لەگەڵ قاسم سولەیمانی ئاشکرا کرد

15:23 - 25 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتی حیزبی ئیسلامیی عێراق، تارێق ئەلهاشمی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە وردەکارییەکانی دانیشتنێکی خۆی لەگەڵ گەورە تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی قاسم سولەیمانی بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەم هەواڵەی ئەلعەرەبیە جێگری پێشووی سەرکۆماری عێراق وتوویەتی: لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نژاددا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەردانی ئێرانمان کرد، کە لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا لە نووسینگەی سەرکۆماری چاوم بە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قۆدس، لقی دەرەکی سپای پاسداران کەوت.

بە وتەی ناوبراو؛ لەم دانیشتنەدا باسی دەستێوەردانە بێ‌سنوورەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەمانم کرد و بە سولەیمانیم وت: کۆماری ئیسلامی لە ئێران و عێراقدا ئاژاوە دەنێتەوە و پشتیوانی لە ئەلقاعیدەش دەکات؛ لە وەڵامدا سولەیمانی حاشای لەم ڕاستییانە کرد، بۆیە بڕیارم دا کۆتایی بە دانیشتنەکەمان بێنم و بۆ عێراق بگەڕێمەوە.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: پاش ڕاگەیاندنی هەڵوێستەکەم سولەیمانی پێی وتم مەڕۆ وەڵامی هەموو پرسیارەکانت دەدەمەوە؛ منیش لێم پرسی ئێوە لەگەل ئەلقاعیدە پێوەندیتان هەیە؟ ئێوە پشتیوانی لە بەرەکانی دژبەری ئامریکا دەکەن؟ ئێوە تاقمی چەکداری شێعە و سووننی هاوشێوەی سپای پاسداران درووست دەکەن؟ کە لە وەڵامی هەموو پرسیارەکانمدا وتی؛ بەڵێ ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ ئەلقاعیدە هەیە و دژی ئامریکاش پشتیوانی لە دژبەرانی دەکەین، و بەتەمای سازکردنی گرووپی هاوشێوەی سپای پاسدارانیشین.

پاشان لێم پرسی ئەوەیکە ئێوە دەیکەن دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکێکی زۆری شێعە و سوننی؟ کە پیی وتم؛ دۆخەکە هەر ئەوەیە کە دەیبینی!.

پرسی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە و هەروەها پێوەندییە ژێربەژێرەکانی ئەم رێژیمە لەگەڵ گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان و تاقمە تێرۆریستییەکانی جیهان پرسێکی نوێ نییە و ساڵانێکی دوور و درێژە کە هەم ناوەندە جیهانییەکان و هەم وڵاتانی ناوچە لەمبارەوە هۆشداری دەدەن.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، بەرپرسانی ئەمنییەتیی پارێزگای هەراتی ئەفغانستان ڕایانگەیاند کە؛ سێ هاووڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی تێرۆری چەکداری و هاوکاریی لەگەڵ دژبەرانی چەکداری ئەو وڵاته، دەستبەسەر کراون.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەردەوام ڕێژیمی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە پشتیوانی لە تێرۆریزم مەحکووم کراوە و لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ پێش ئێستا وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە نوێترین لیستی خۆیدا کە دژی تێرۆریزم لە جیهاندا بڵاوی کردەوە؛ ناوی بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوە و فەرماندەی لقی نیزامیی حیزبوڵڵای لوبنانی تێدا هێناوە کە ئەو دوو کەسە هەردووکیان پێوندیی نزیکیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە و یەکێک لەوانەش لە ئێران لەدایک بووە.