کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە پارلمانی نۆروێژ لە سەر ڕاسان قسەی کرد

15:37 - 25 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ، به سەرپەرەستیی عەزیم ئەلیاسی سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەیان کرد و لە سەر ڕاسان بە تایبەتی گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ بە سەرپەرەستیی عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکان، لە پارلمانی ئەم وڵاتە دیدارێکیان لەگەڵ خانمی ماریانە نەرۆڵ ڕاوێژکاری سیاسیی گرووپی پارلمانی حیزبی کۆنسێرڤاتیڤی نۆروێژ کە یەکێک لە حیزبەکانی دەسەڵاتداری ئێستای نۆروێژی پێکهێناوە.

لەم دیدارەدا، لە لایەن هەیئەتی حیزبی دیمۆکراتەوە باسێک سەبارەت بە بارودۆخی ئێران بە گشتی و زەروورەتی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی، پێشکەش بە لایەنی نۆروێژی کرا.

لەم بارەوە باس لەوە کرا کە؛ لەم ساڵانەی دواییدا لە نێوخۆی کوردستانەوە پەیامێکی ڕوون هەم لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە و هەمیش لە لایەن تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکراتەوە بە ڕێبەرایەتی حیزبی دیمۆکرات گەیشتبوو کە؛ داوای حزووری پێشمەرگەکانی کوردستان لە نیوخۆی وڵاتی دەکرد. بۆیە ڕێبەرایەتیی حیزب بڕیاری دا بە پیر ئەو داوایەوە بچێ. حزووری پێشمەرگەکانی کوردستان لە هاوینی ڕابردوودا لە نێوخۆی کوردستان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەحەمول نەکرا و سپای پاسدارانی ڕێژیم چەندین هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجام دا.

هەیئەتی حیزبی دیمۆکرات باسیان لە ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کێشەی نەتەوەکانی بندەستی ئێران، حزووری چەکدارانەی دژبەرانی رێژیم لە کوردستان و بەلووچستان و هەروەها جموجۆڵی عەرەبەکان لە ئەهواز وەک فاکتەرەی نێوخۆیی بۆ پاشەکشەکردن بە دەسەلاتی رێژیم کرد. دیارە سیاسەتی کاربەدەستانی ئێران و دەستێوەردانیان لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە، دەتوانێ فاکتەرە دەرەکییەکانیش بۆ گوشارخستنە سەر تاران زیاتر بکات. لە بەر ڕۆشنایی ئەم بارودۆخانە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ خۆی لە ویستی گەلانی ئێران بۆ گۆڕانکاری و ژیانێکی باشتر کە خۆی لە نەمانی ڕێژیمدا دەبینێتەوە ڕزگار بکات.

لە کۆتاییدا لە سەر بەردەوامیی پێوەندییەکانی دوو لایەن جەخت کرایەوە.